پەیامێك لە عەبدوڵا ئۆجەلانەوە

06-05-2019 05:12
خۆپیشاندانێك بۆ پشتیوانیی لە ئۆجەلان


پەرەگراف

عەبدوڵا ئۆجەلان پەیامێكی ئاڕاستەی ڕایگشتی كردو تەئكید لە چارەسەری ئاشتییانەی پرسی كورد لە توركیاو سوریا دەكاتەوەو داوا لە هەڤاڵەكانی دەكات، بەرخۆدان‌و مانگرتن نەگەیەننە ئاستێك كە زیان بە تەندروستییان بگەیەنێت‌و بەرەو مردنیان ببات.

پەیامەكەی ڕێبەری زیندانیكراوی پەكەكە ئەمڕۆ لەلایەن پارێزەرانییەوە خوێندرایەوە، دوای ئەوەی 2ی ئەم مانگە ڕێگەیان پێدراوە سەردانی بكەن، ئەوە یەكەم سەردانی پارێزەرانی ئۆجەلانە بۆ زیندانی ئیمراڵی لە 27ی تەمووزی 2011ـەوە كە بە بیانووی لاوەكیی ڕێگە بە دیداری ئۆجەلان لەگەڵ پارێزەرانی نەدەدراو لەو ماوەیەدا زیاتر لە 800 جار داواكاریی پارێزەران بۆ سەردانی ئیمڕاڵی ڕەتكراوەتەوە.

"لەم پڕۆسە مێژووییەدا پێویستی بە ڕێككەوتنێكی قووڵی كۆمەڵایەتی هەیە. لەپێناو چارەسەركردنی كێشەكان پێویستییەكی زۆر بە ڕێبازێكی دانوستانی دیموكراتی هەیە كە دوور بێت لە كولتووری دژایەتی و شەڕ" پەیامەكەی ئۆجەلان‌و هەڤاڵەكانی دیكەی لە زیندان وادەڵێت.

هەروەها تێیدا هاتووە"ئێمە دەتوانین كێشەكانی توركیا و هەرێمەكە بە هێزی نەرم واتە هێزی ئەقڵ، سیاسی و كولتووری چارەسەر بكەین نەك بە شەڕ و ڕێبازەكانی تووندوتیژیی جەستەیی".

بەشێكی دیكەی پەیامەكەیان ئاڕاستەی ئەو كەسانە كردووە كە بۆ شكاندنی گۆشەگیریی سەر ئۆجەلان، دەستیان بە مانگرتن كردووە، "ئێمە ڕێز لە بەرخۆدانی هەڤاڵانی زیندانەكان و دەرەوە دەگرین، بەڵام دەمانەوێت بەتایبەتی دەستنیشانی بكەین كە پێویستە نەیگەیەننە ئاستێك كە باری تەندرووستیی ئەوان بخاتە مەترسییەوە و ڕێ لە بەردەم مردن بكاتەوە. بۆ ئێمە تەندرووستیی ئەقڵی، فیزیكی و ڕۆحی ئەوان لەپێش هەموو شتێكەوەیە. هەروەها ئێمە لەو باوەڕەداین كە واتادارترین نزیكایەتی بەهێزكردنی هەڵوێستی زیهنی و ڕۆحییە".

ئەو پەیامە لەكاتێكدایە هەزاران زیندانی سیاسیی لە باكووری كوردستان بەردەوامن لە مانگرتنی كراوە لە خواردن لە پێناو شكاندنی گۆشەگیریی سەر ئۆجەلان، هاوكات چەند "چالاكیی گیانفیدایی" لەنێو زیندانییە مانگرتووەكاندا ئەنجامدرا.

شەپۆلی فراوانی مانگرتن جگە لە باكووری كوردستان، پارچەكانی دیكەی كوردستان و ئەوروپای گرتووەتەوەو چاوەڕوان دەكرێت دوای پەیامەكەی ئەمڕۆی ئۆجەلان گۆڕانكاریی ڕووبدات لە چالاكییەكانی مانگرتن، بەجۆرێك تەندروستیی مانگرتوان ڕوبەڕوی مەترسیی نەبێتەوە.

كۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەكەی پارێزەرانی ئۆجەلان

بەشێكی دیكەی پەیامەكەی ئۆجەلان تایبەتە بە دۆخی سوریاو تێیدا هاتووە"ئێمە لەو باوەڕەداین، لە چێوەی هێزەكانی سووریای دیموكراتیدا كێشەكانی سووریا دوور لە كولتووری شەڕ، لەم دۆخەی كە تیایدان لە چێوەی یەكپارچەیی سووریا و بە ڕوانگەی دیموكراتیی خۆجێیی كە بە دەستووری بنەڕەتی مسۆگەر كراوە، پێویستە چارەسەر بكرێن. لەم چێوەیەدا پێویستە هەستیارییەكانی توركیاش ببینرێن".

عەبدوڵا ئۆجالان‌و هەڤاڵەكانی دیكەی لە زیندانی ئیمراڵی(هەریەكە لە؛ هامیلی یڵدرم، عومەر خەیری كۆنار و فەیسەل ئاكتاش) لە پەیامەكەیاندا تەئكید لە هەڵوێستی پێشووتریان دەكەنەوە دەربارەی چارەسەری ئاشتییانەی پرسی كورد لە توركیاو دەڵێن"هەڵوێستی ئێمە لە ئیمڕاڵی ئاشكرایە كە پێداگرییە لەسەر بەهێزكردنی ئەو ڕێبازەی كە لە پەیامی نەورۆزی ٢٠١٣دا ڕاگەیەنرا و بەردەوامیدان پێی. ئاشتییەكی بەڕومەت و چارەسەریی سیاسەتی دیموكراتی بۆ ئێمە بنەمایە".

لە كۆتایی پەیامەكەشدا هاتووە"ئێمە بەڕێزەوە هەڵوێستی هەموو ئەو كەسانە بەبیردێنینەوە كە بۆ هەلومەرج و هەڵوێستی ئێمە لە ئیمڕاڵی بەپەرۆشن و هەڵوێست پیشان دەدەن. لە بەرزترین ئاستدا سوپاسیان دەكەین".