وتەبێژی گۆڕان: بەهۆى خراپى پەیوەندییەکانى پارتى و یەکێتی کێشە بۆ کاروبارەکانى حکومەت دروستبوە

23-01-2023 01:21
کۆبوونەوەی ئەمڕۆی یەکێتی و گۆڕان لە گردی زەرگەتە.

پەرەگراف

وتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان ڕایگەیاند، بەهۆى خراپى پەیوەندییەکانى پارتى و یەکێتی کێشە بۆ کاروبارەکانى حکومەت دروستبوەو لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەو دوو حیزبە کۆدەبنەوەو ئەوەى گۆڕان پێی بکرێت بۆ باشکردنى پەیوەندى نێوانیان ئەنجامى دەدات.

ئەو وتانەی دلێر عەبدولخالق دوای کۆبوونەوەی باڵای شاندی یەکێتی بە سەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی و بزووتنەوەی گۆڕان بوو بە سەرۆکایەتی عومەر سەید عەلی کە ئەمڕۆ لە گردی زەرگەتە بەڕێوەچوو.

وتەبێژى بزوتنەوەى گۆڕان لەبارەى ناوەڕۆکى کۆبونەوەکەوە لە لێدوانێکى رۆژنامەوانیدا رایگەیاند؛ هەمو ئەو پرسە هەنوکەییانە تاوتوێکران کە پەیوەندییان بە ژیان و گوزەرانى هاوڵاتیان و دۆخى سیاسى و ئیدارى و قانونى هەرێمى کوردستان و میکانیزمى پەیوەندییەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى عێراقى ئیتیحادى و ئەو دۆخە سیاسییەشەوە هەیە کە لە ناوچەکە دەگوزەرێت، لەگەڵ ئەو ئاڵنگاریانەى روبەڕوى نەتەوە و میلەتەکەمان دەبێتەوە.

دلێر عەبدولخالق، دەشڵێت "پەیامى ئێمە ئەوەیە هەرێمى کوردستان پێویستى بە یەکگرتویى و یەکدەنگى هەمو لایەنە سیاسیەکانە بە لایەنەکانى ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتەوە و هەمومان بەرپرسیارێتى هاوبەشمان لەسەرشانە بۆ وەڵامدانەوەى پێداویستى و داواکارییەکانى خەڵکى کوردستان لە پێشیانەوە باشکردنى پەیوەندییەکانى یەکێتى و پارتى، چونکە ئێمە سێ لایەنین کە حکومەتمان پێکهێناوە بەهۆى خراپى پەیوەندییەکانى پارتى و یەکێتیەوە کێشە بۆ کاروبارەکانى حکومەتیش دروستبوە".

وتەبێژەکەی گۆڕان ئەوەشى خستەڕو کە لە ئایندەیەکى نزیکدا یەکێتى و پارتى کۆدەبنەوە، وتی "ئەوەى ئێمەش پێمان بکرێت وەک بزوتنەوەى گۆڕان بۆ باشکردنى پەیوەندى نێوانیان ئەنجامى دەدەین، چونکە ویستمان سەقامگیربونى دۆخى هەرێمى کوردستانە".