دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان و سەرۆكی فراكسیۆنەكان سەبارەت بە هەڵبژاردن كۆبوونەوە

23-01-2023 03:39

پەرەگراف

دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان و سەرۆكی فراكسیۆنەكان سەبارەت بە پرسی هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و كاراكردنەوەی كۆمیسیۆن لە پەرلەمانی كوردستان كۆبوونەوە.

ماڵپەڕی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت "لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆی تێروتەسەل لەبارەی ڕێكارە یاساییەكان بۆ خێراكردنی هەنگاوەكان و ئامادەكاری بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان كرا".

دەستەی سەرۆكایەتی و فراكسیۆنەكان "جەختیان كردەوە لەسەر ئەوەی هەمووان پابەندی ئەو ماوە یاساییە دەبن كە دیاری كراوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان و هەمواركردنی یاسای هەڵبژاردن و كاراكردنەوەی كۆمیسیۆن".

هەروەها لە كۆبوونەوەكەدا باس لە دروستكردنی زەمینەسازیی یاسایی و تەكنیكیی پێویست بۆ پرۆسەی هەڵبژاردنەكان كراوە.

سەرۆكی فراكسیۆنەكانی نەوەی نوێ‌، كۆمەڵ و یەكگرتوو بەشداریی كۆبوونەوەكەیان نەكردووە.

لە كۆتایی كۆبوونەوەكەشدا بڕیار دراوە "دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان لەبەر ڕۆشنایی ڕاوبۆچوونی فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان، نەخشەڕێگەی كاركردن و جێبەجێكردنی ئەركی پەرلەمان سەبارەت بە هەڵبژاردن ئامادە بكات و لە كۆبوونەوەی فراكسیۆنەكاندا بیخاتە ڕوو".

پاش كۆبوونەوەكەش سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "پارتی لاریی لەوە نییە كە هەڵبژاردن بە چوار بازنەیی بكرێت، بەڵام دەبێت خوێندنەوەی یەكەم بۆ ئەو پرۆژانە بكرێت كە پێشكەشی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان كراون".

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی وتیشی "گەشبینم كە ڕێككەوتن دەكرێت، چونكە خاڵە جێی ناكۆكەكان كەم بوونەتەوە و خاڵی هاوبەشمان زیاترە".

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیش وتی "هاوڕابوون لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی خۆی و هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن هاوتەریب لەگەڵ ڕێكخستنەوەی كۆمیسیۆن".

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی جەختی كردەوە كە "یاسای هەڵبژاردن ڕەهەندی نیشتمانیی هەیە و پێویستە هەموو لایەنەكان لە هەمواركردنەوەیدا بەشدار بن".