سەندیكای ڕۆژنامەنووسان: لە 2022دا 73 پێشێلكاری بەرانبەر 158 دەزگا و ڕۆژنامەنووس تۆمار كراوە
پەرەگراف
بەپێی ڕاپۆرتی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان، لە ساڵی 2022دا 73 حاڵەتی پێشێلكاری بەرانبەر 158 دەزگا و ڕۆژنامەنووس تۆمار كراوە زۆرترین حاڵەت لە سنووری پارێزگای هەولێر بووە. بەراورد بە ساڵی 2021یش پێشێلكارییەكان كەمی كردووە.
سەدیكای ڕۆژنامەنووسان دەڵێت "بابەتی پێشێلكاری بەرانبەر ڕۆژنامەنووسان و بواری كاری ڕۆژنامەنووسی لە كوردستان، نەك تەنیا لە ناوخۆ، بەڵكوو لە ناوەندە جیهانییەكانیش جێگای پرسیارە و بووەتە مەترسی بۆ سەر پرۆسەی دیموكراسی و خاڵێكی نەرێنییە بۆ بەرانبەر هەرێمی كوردستان".
لیژنەی داكۆكی لە ئازادیی ڕۆژنامەنووسی و مافی ڕۆژنامەنووسانی سەر بە سەندیكای ڕۆژنامەنووسان، ڕاپۆرتی ژمارە 29 و 30ی بۆ هەردوو شەش مانگی ساڵی 2022 بڵاو كردەوە.
بەپێی پۆلێنبەندیی جۆری پێشێلكارییەكان، 19 حاڵەتی دەستگیركردن بەرانبەر 41 ڕۆژنامەنووس، 20 حاڵەتی ڕێگەنەدان بە ڕووماڵ و جیاكاری بەرانبەر 46 ڕۆژنامەنووس، 10 حاڵەتی هێرش و سووكایەتیكردن بەرانبەر 18 ڕۆژنامەنووس و حەوت حاڵەتی هەڕەشەیش بەرانبەر 12 ڕۆژنامەنووس تۆمار كراون.
هەروەها بەپێی ڕاپۆرتەكە، حەوت حاڵەتی دەستبەسەرداگرتن و شكاندنی كەلوپەلی ڕۆژنامەوانی بەرانبەر 20 ڕۆژنامەنووس، سێ حاڵەتی داخستنی نووسینگە و كەناڵ، دوو حاڵەتی هێرشكردنە سەر كەناڵی ڕاگەیاندن و بۆردوومانكردنی بەرانبەر سێ دەزگا، دوو حاڵەتی دەركردن لە كار بەرانبەر 11 ڕۆژنامەنووس و یەك حاڵەتی ڕفاندنی ڕۆژنامەنووس تۆمار كراون.
بەپێی پارێزگاكان، زۆرترین پێشێلكاری بەرانبەر ڕۆژنامەنووسان لە هەولێر بووە بە 21 حاڵەت، دوای سلێمانی بە 18 حاڵەت، دهۆك بە 16 حاڵەت، كەركووك بە 10 حاڵەت، هەریەك لە هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان یەكی سێ حاڵەت، ئیدارەی سۆران دوو حاڵەت، ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ڕۆژئاوای كوردستان یەكی یەك حاڵەت.
لیژنەی داكۆكی لە ئازادیی ڕۆژنامەنووسی و مافی ڕۆژنامەنووسان دەڵێت "بەپێی ڕەگەزیش، لە ساڵی 2022دا 157 ڕۆژنامەنووسی بە ڕەگەز نێر و چوار ڕۆژنامەنووس لە ڕەگەزی مێ پێشێلكارییان بەرانبەر كراوە".
ئاماری پێشێلكارییەكان بەراورد بە ساڵی ڕابردووتر كەمی كردووە، بە جۆرێك پێشێلكارییەكان لە ساڵی 2021دا 79 حاڵەت بوون بەرانبەر 187 ڕۆژنامەنووس و دەزگای ڕاگەیاندن، لە 2022دا بۆ 73 حاڵەت بەرانبەر 158 ڕۆژنامەنووس و میدیا دابەزیوە.
سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان داوا دەكات یاسای ژمارە 35ی ساڵی 2007ی ڕۆژنامەنووسی لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ سەندیكای ڕۆژنامەنووسان هەموار بكرێتەوە، یاساكە "بە شێوەیەك هەموار بكات كە گۆڕانكارییەكان و بەرەوپێشچوونی كاری ڕۆژنامەنووسی لەبەرچاو بگرێت".