ڕۆژنامەنووسێکی کەناڵی کەی ئێن ئێن لە سلێمانی دەستبەسەرەو بڕیاری پێنج ڕۆژ تەوقیفکردنی بۆ دەرچووە

24-01-2023 12:38
سۆما خالید ڕۆژنامەنووسە دەستبەسەرکراوەکە.

پەرەگراف

سۆما خالید ڕۆژنامەنوسی کەناڵی کەی ئێن ئێن و میدیای گۆڕان، ئەمڕۆ لەسەر سکاڵایەکی نەخۆشخانەی شار چووەتە بنکەی پۆلیسی کوردسات لە سلێمانی و دەستبەسەر کراوە، دادوەر بڕیاریداوە بۆ ماوەی پێنج رۆژ تەوقیف بکرێت و لە زیندان بمێنێتەوە، ھاوڕێ وکەسوکاری ئەو ڕۆژنامەنووسە وادەڵێن.

سۆما لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک، ڕەخنەی لە مامەڵەی پزیشک و کارمەندانی نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی گرتووەو لەسەر ئەوە سکاڵای لەسەر تۆمار کراوە.

دەستگیرکردن و زیندانیکردنی ڕۆژنامەنووسان پێچەوانەی یاسای کاری ڕۆژنامەوانییە لە ھەرێمی کوردستان.

بەپێی ڕاپۆرتی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان کە ئەمڕۆ بڵاوکرایەوە، لە ساڵی 2022دا 73 ‏حاڵەتی پێشێلكاری بەرانبەر 158 دەزگا و ڕۆژنامەنووس تۆمار كراوە زۆرترین ‏حاڵەت لە سنووری پارێزگای هەولێر بووە. بەراورد بە ساڵی 2021یش ‏پێشێلكارییەكان كەمی كردووە.‏

سەدیكای ڕۆژنامەنووسان دەڵێت "بابەتی پێشێلكاری بەرانبەر ڕۆژنامەنووسان و ‏بواری كاری ڕۆژنامەنووسی لە كوردستان، نەك تەنیا لە ناوخۆ، بەڵكوو لە ‏ناوەندە جیهانییەكانیش جێگای پرسیارە و بووەتە مەترسی بۆ سەر پرۆسەی ‏دیموكراسی و خاڵێكی نەرێنییە بۆ بەرانبەر هەرێمی كوردستان".‏

لیژنەی داكۆكی لە ئازادیی ڕۆژنامەنووسی و مافی ڕۆژنامەنووسانی سەر بە ‏سەندیكای ڕۆژنامەنووسان، ڕاپۆرتی ژمارە 29 و 30ی بۆ هەردوو شەش مانگی ‏ساڵی 2022 بڵاو كردەوە.‏

بەپێی پۆلێنبەندیی جۆری پێشێلكارییەكان، 19 حاڵەتی دەستگیركردن ‏بەرانبەر 41 ڕۆژنامەنووس، 20 حاڵەتی ڕێگەنەدان بە ڕووماڵ و جیاكاری ‏بەرانبەر 46 ڕۆژنامەنووس، 10 حاڵەتی هێرش و سووكایەتیكردن بەرانبەر ‏‏18 ڕۆژنامەنووس و حەوت حاڵەتی هەڕەشەیش بەرانبەر 12 ڕۆژنامەنووس ‏تۆمار كراون.‏

هەروەها بەپێی ڕاپۆرتەكە، حەوت حاڵەتی دەستبەسەرداگرتن و شكاندنی ‏كەلوپەلی ڕۆژنامەوانی بەرانبەر 20 ڕۆژنامەنووس، سێ حاڵەتی داخستنی ‏نووسینگە و كەناڵ، دوو حاڵەتی هێرشكردنە سەر كەناڵی ڕاگەیاندن و ‏بۆردوومانكردنی بەرانبەر سێ دەزگا، دوو حاڵەتی دەركردن لە كار بەرانبەر ‏‏11 ڕۆژنامەنووس و یەك حاڵەتی ڕفاندنی ڕۆژنامەنووس تۆمار كراون.‏

بەپێی پارێزگاكان، زۆرترین پێشێلكاری بەرانبەر ڕۆژنامەنووسان لە هەولێر ‏بووە بە 21 حاڵەت، دوای سلێمانی بە 18 حاڵەت، دهۆك بە 16 ‏حاڵەت، كەركووك بە 10 حاڵەت، هەریەك لە هەڵەبجە و ئیدارەی ‏گەرمیان یەكی سێ حاڵەت، ئیدارەی سۆران دوو حاڵەت، ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ‏ڕۆژئاوای كوردستان یەكی یەك حاڵەت.‏

لیژنەی داكۆكی لە ئازادیی ڕۆژنامەنووسی و مافی ڕۆژنامەنووسان دەڵێت ‏‏"بەپێی ڕەگەزیش، لە ساڵی 2022دا 157 ڕۆژنامەنووسی بە ڕەگەز نێر و ‏چوار ڕۆژنامەنووس لە ڕەگەزی مێ‎ ‎پێشێلكارییان بەرانبەر كراوە".‏

ئاماری پێشێلكارییەكان بەراورد بە ساڵی ڕابردووتر كەمی كردووە، بە جۆرێك ‏پێشێلكارییەكان لە ساڵی 2021دا 79 حاڵەت بوون بەرانبەر 187 ‏ڕۆژنامەنووس و دەزگای ڕاگەیاندن، لە 2022دا بۆ 73 حاڵەت بەرانبەر 158 ‏ڕۆژنامەنووس و میدیا دابەزیوە.‏

سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان داوا دەكات یاسای ژمارە 35ی ساڵی ‏‏2007ی ڕۆژنامەنووسی لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە بە هەماهەنگی ‏لەگەڵ سەندیكای ڕۆژنامەنووسان هەموار بكرێتەوە، یاساكە "بە شێوەیەك ‏هەموار بكات كە گۆڕانكارییەكان و بەرەوپێشچوونی كاری ڕۆژنامەنووسی ‏لەبەرچاو بگرێت".‏