نەوەی نوێ: بانکە عێراقییەکان قەرز بە هاوڵاتییانی هەرێم دەدەن

24-01-2023 02:43
کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەی فراکسیۆنی نەوەی نوێ

پەرەگراف

فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، دوای تۆمارکردنی سکاڵا لەسەر چەند بانکێکی عێراقی و فشارەکانیان، ئەو بانکانە دەستیانکرد بە پێدانی قەرز بە هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان.

ڕێبوار ئەوڕەحمان پەرلەمانتاری نەوەی نوێ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "سکاڵای یاساییمان تۆمارکرد لە سەر ئەو بانکانەی قەرز دەدەنە هاوڵاتییان عێراق و نایدەن بە هاوڵاتییان هەرێم، خۆشبەختانە بانکی تەنمیەی ئیسلامی لە سلێمانی دەستی بە پێدانی قەرزکردووە بۆ نەخۆشیی شێرپەنجەو نەخۆشییە سەختەکان".

ئەو پەرلەمانتارە وتیشی "بەپێی بەدواداچوونەکانمان لە ماوەی ئایندەدا ڕێوشوێنەکان بۆ پێدانی جۆرەکانی دیکەی قەرزیش دادەنرێن و خەڵکێکی زۆر سوودمەند دەبێت و هەوڵ و فشارەکانمان لە بەغداوەو سکاڵاکانمان لەسەر ئەو بانکانە شوێنی خۆی گرت".

هەرلەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەدا، لەبارەی کردنەوەی لقی بانکەکانی ڕەشیدو ڕافیدەین لە هەرێمی کوردستان کە بەکردنەوەیان ١٧ جۆر پێشینە بە هاوڵاتییان دەدەن، محەمەد ئیسماعیل پەرلەمانتاری نەوەی نوێ وتی "هۆکاری نەکردنەوەی ئەوەیە ئەو دوو بانکە ژمارەیەکی زۆر زەوی و موڵکیان هەیەو لەلایەن پارتی و یەکێتییەوە دەستیان بەسەردا گیراوە، گفتوگۆمان لەگەڵ ئەو بانکانە کردووە و ئەوان ئامادەن بە گەڕانەوەی ئەو زەوی و بینایانە لقەکانیان لە شارەکانی هەرێم بکەنەوە".

کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەی نەوەی نوێ