هێمن هەورامی: دەبێت ھەرچی زووە دانیشتنی نائاسایی پەرلەمان ئەنجامبدرێت بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن

24-01-2023 02:57

پەرەگراف

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان داوای کۆبوونەوەی خێرای پەرلەمان دەکات بۆ هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمسیۆن بە مەبەستی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەماوەی ئەمساڵدا.

هێمن هەورامی ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەی پەرلەماندا خوێندنەوە بۆ ئەو پێشنیازە یاساییانە دەکرێت کە لە لایەن فراکسیۆنەکانەوە پێشکەشکراون بۆ ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن و جێگیرکردنی فرە بازنەیی و تۆماری بایۆمەتری دوایین لیستی دەنگدەرانی ھەڵبژاردنەکانی مانگی ١٠ی ٢٠٢١ ی پەرلەمانی عێراق.

جێگری سەرۆکی پەرلەمان دەشڵێت " دوای ھاتنە ئارای خاڵی ھاوبەش و تێگەیشتنی سیاسی لایەنەکان لەسەر فرە بازنەیی، ئەرکی پەرلەمانە رێوشوێنە یاساییەکانی بگرێتە بەرو چیتر وەخت بەفیرۆ نەدرێ و کۆمسیۆنی سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان کارا بکرێتەوەو زەمینەی تەکنیکی ئەنجامدانی ھەڵبژاردن لەمساڵدا ئامادە بکەن".

لایەنەکان لە لێدوان و ڕاگەیەندراوەکانیاندا سوورن لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەمساڵدت، ئەوەش دوای تووندبوونەوەی فشارە نێودەوڵەتییەکان و سەردانەکەی برێت مەکگۆرک بۆ هەرێمی کوردستان و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی پارتی و یەکێتی.

بۆ هەمان مەبەست دوێنێ کۆبوونەوەیەک لە نێوان سەرۆکایەتی پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆنەکان، بەبێ نەوەی نوێ و کۆمەڵ و یەکگرتوو ئەنجامدرا.

بەپێی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، "گفتوگۆی تێروتەسەل لەبارەی ڕێكارە یاساییەكان بۆ خێراكردنی هەنگاوەكان و ئامادەكاری بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان كرا".

دەستەی سەرۆكایەتی و فراكسیۆنەكان "جەختیان كردەوە لەسەر ئەوەی هەمووان پابەندی ئەو ماوە یاساییە دەبن كە دیاری كراوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان و هەمواركردنی یاسای هەڵبژاردن و كاراكردنەوەی كۆمیسیۆن".

هەروەها لە كۆبوونەوەكەدا باس لە دروستكردنی زەمینەسازیی یاسایی و تەكنیكیی پێویست بۆ پرۆسەی هەڵبژاردنەكان كراوە.

لە كۆتایی كۆبوونەوەكەشدا بڕیار دراوە "دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان لەبەر ڕۆشنایی ڕاوبۆچوونی فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان، نەخشەڕێگەی كاركردن و جێبەجێكردنی ئەركی پەرلەمان سەبارەت بە هەڵبژاردن ئامادە بكات و لە كۆبوونەوەی فراكسیۆنەكاندا بیخاتە ڕوو".

پاش كۆبوونەوەكەش سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "پارتی لاریی لەوە نییە كە هەڵبژاردن بە چوار بازنەیی بكرێت، بەڵام دەبێت خوێندنەوەی یەكەم بۆ ئەو پرۆژانە بكرێت كە پێشكەشی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان كراون".

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی وتیشی "گەشبینم كە ڕێككەوتن دەكرێت، چونكە خاڵە جێی ناكۆكەكان كەم بوونەتەوە و خاڵی هاوبەشمان زیاترە".

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیش وتی "هاوڕابوون لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی خۆی و هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن هاوتەریب لەگەڵ ڕێكخستنەوەی كۆمیسیۆن".

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی جەختی كردەوە كە "یاسای هەڵبژاردن ڕەهەندی نیشتمانیی هەیە و پێویستە هەموو لایەنەكان لە هەمواركردنەوەیدا بەشدار بن".