دادگای فیدراڵی لەسەر سێ‌ سكاڵای پەیوەست بە هەرێم كۆدەبێتەوە؛ ‏یەكێكیان دژی ٤٠٠ ملیارەكەیە

24-01-2023 05:15

پەرەگراف

دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لە یەك هەفتەدا لەسەر سێ‌ سكاڵای ‏پەیوەست بە هەرێمی كوردستان كۆدەبێتەوە، یەكێك لە سكاڵاكان دژی ‏ناردنی ٤٠٠ ملیار دینارەكەیە كە هێشتا نەگەیشتووەتە هەرێمی ‏كوردستان.‏

بەپێی خشتەی كۆبوونەوەكانی دادگای باڵای فیدراڵی، لە ماوەی ٢٥ تا ‏‏٣١ی ئەم مانگە، دادگاكە لەسەر سێ سكاڵا لە دژی هەرێمی كوردستان ‏كۆدەبێتەوە، سكاڵای یەكەم لەلایەن پەرلەمانتارێكی سەربەخۆ و ‏پارێزگاری واست لە دژی ناردنی پارە لە بەغداوە بۆ هەرێم تۆمار كراوە و ‏سبەینێ 25-1-2023 وادەی دادبینییەتی‎.‎

هاوكات ٣٠ی ئەم مانگە دادگاكە لەسەر سكاڵایەكی دیكە كۆدەبێتەوە كە ‏تێیدا داوا لە وەزارەتی بازرگانیی هەرێم كراوە ئەو پارانە بگەڕێنێتەوە كە ‏لە ئەستۆیاندایە و تایبەتە بە بەشەخۆراكی مانگانەی هاوڵاتییانی هەرێم ‏لە ٢٠٠٤ تا ٢٠٢١‏‎.‎

سكاڵای دووەم كە تا ئێستا دانیشتن لەبارەیەوە سێ‌ جار دواخراوە، لەلایەن ‏بەڕێوەبەری كۆمپانیای گشتیی بازرگانیی خۆراكی حكومەتی عێراق ‏لەسەر وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی كوردستان و بەڕێوەبەری ‏گشتیی بازرگانی تۆمار كراوە.‏

سكاڵای سێیەمیش كۆتا ڕۆژی ئەم مانگە وادەی دادبینییەتی و لەبارەی ‏پرسی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان و تۆماركردنی ‏سكاڵایە لەسەر نادەستووریبوونی ئەو درێژكردنەوەیە‎.‎

سكاڵای سێیەم لەلایەن چوار كەسەوە چوار سكاڵای جیاوازی لەبارەوە تۆمار ‏كراوە، كە بریتین لە یوسف محەممەد، سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی ‏كوردستان، شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جووڵانەوەی نەوەی نوێ و ‏سروە عەبدولواحید، سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی ‏عێراق و كاوە عەبدولقادر، سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی ‏كوردستان.‏