قوباد تاڵەبانی: هەڵبژاردنی پاک و بێگەرد مافی خەڵکی کوردستانە و بنەمایەکی گرنگی دیموکراسییە
پەرەگراف
جێگری سەرۆکوەزیرانی ھەرێم ڕایگەیاند، هەڵبژاردنی پاک و بێگەرد مافی خەڵکی کوردستانە و بنەمایەکی گرنگی دیموکراسییەو داوای پاڵپشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان دەکات بۆ چارەسەری کێشەکان.
ئەو وتانەی قوباد تاڵەبانی لەکۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا بووە لەگەڵ ڕۆزماری دیکارلۆ، جێگری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و جێنین پلاسخارت، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق.
"کۆسپەکانی بەردەم پرۆسەکەم روونکردنەوە، هەر لە سیستم و بازنەکانی هەڵبژاردنەوە تا پاککردنەوەی تۆماری دەنگدەران و کورسی کۆتا و پێکهاتەکان و یەکلاکردنەوەی چارەنووسی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن" قوباد تاڵەبانی وادەڵێت.
دەشڵێت "داوام کرد نەتەوەیەکگرتووەکان ڕۆڵ ببینێت لە چارەسەرکردنی گرفتەکان و دڵنیاشم کردنەوە پێکهاتە و کەمینەکان لە کوردستان رێزلێگیراون و مەبەستمانە ببنە خاوەنی بڕیاری سیاسی سەربەخۆ و نوێنەرایەتی راستەقینەی خۆیان".
لایەنەکان لە لێدوان و ڕاگەیەندراوەکانیاندا سوورن لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەمساڵدا، ئەوەش دوای تووندبوونەوەی فشارە نێودەوڵەتییەکان و سەردانەکەی برێت مەکگۆرک بۆ هەرێمی کوردستان و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی پارتی و یەکێتی.
ھاوکات ھێمن ھەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان داوای کۆبوونەوەی خێرای پەرلەمان دەکات بۆ هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمسیۆن بە مەبەستی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەماوەی ئەمساڵدا.
هەورامی ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەی پەرلەماندا خوێندنەوە بۆ ئەو پێشنیازە یاساییانە دەکرێت کە لە لایەن فراکسیۆنەکانەوە پێشکەش کراون بۆھەمواری یاسای ھەڵبژاردن و جێگیرکردنی فرە بازنەیی و تۆماری بایۆمەتری دوایین لیستی دەنگدەرانی ھەڵبژاردنەکانی مانگی ١٠ی٢٠٢١ی پەرلەمانی عێراق.
جێگری سەرۆکی پەرلەمان دەشڵێت "دوای ھاتنە ئارای خاڵی ھاوبەش و تێگەیشتنی سیاسی لایەنەکان لەسەر فرە بازنەیی، ئەرکی پەرلەمانەرێوشوێنە یاساییەکانی بگرێتە بەرو چیتر وەخت بەفیرۆ نەدرێ و کۆمسیۆنی سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان کارا بکرێتەوەو زەمینەی تەکنیکیئەنجامدانی ھەڵبژاردن لەمساڵدا ئامادە بکەن".
بۆ هەمان مەبەست دوێنێ کۆبوونەوەیەک لە نێوان سەرۆکایەتی پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆنەکان، بەبێ نەوەی نوێ و کۆمەڵ و یەکگرتووئەنجامدرا.