بارزانی: هەڵبژاردن بنەماو پڕەنسیپێکی نەگۆڕە بۆ شەرعیەت و حوکمڕانی و پێویستە لە کاتی خۆیدا بەڕێوەبچیت

25-01-2023 01:29
کۆبوونەوەی ئەمڕۆی بارزانی و پلاسخارت. وێنە؛ بارەگای بارزانی.

پەرەگراف

مەسعود بارزانی ڕایگەیاند، بەلای پارتی دیموکراتی کوردستانەوە هەڵبژاردن بنەماو پڕەنسیپێکی نەگۆڕە بۆ شەرعیەت و حوکمڕانی و، پێویستە ھەڵبژاردنەکانی هەرێم لە کاتی خۆیدا بەڕێوەبچیت.

ئەو وتانەی بارزانی لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا بووە لەگەل جنین پلاسخارت نوێنەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق.

بارەگای بارزانی دەڵێت، دۆخی سیاسی هەرێمیان تاوتوێ کردووەو سەرۆکی پارتی جەختی لەوە کردەوە کە دەبێ ڕەچاوی ئیرادە و بەرژەوەندیی پێکھاتەکان بکرێت و "بۆ بابەتی مافەکانیان لە ھەڵبژاردن نابێت لە دەرەوەی ئیرادەی پێکھاتەکان ھیچ شێواز و فۆڕمۆڵێک بەسەر پێکهاتەکانی کوردستان بسەپێندرێت".

هەرلەو کۆبوونەوەیەدا بارودۆخی سیاسی ناوچەکە و پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێم و عێراق و ھەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان تاوتوێ کراون، "هەروەها جەخت لە پێویستیی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی نێوان حکوومەتی ھەرێم و حکوومەتی فیدرال لەبارەی ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال و گەڕانەوەی ئاوارەکان کرایەوە".

ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەمساڵدا پرسێکی گەرمی گۆڕەپانی سیاسییەو لایەنەکان لە لێدوان و ڕاگەیەندراوەکانیاندا سوورن لەسەر بەڕێوەچوونی ئەو پڕۆسەیە، ئەوەش دوای تووندبوونەوەی فشارە نێودەوڵەتییەکان و سەردانەکەی برێت مەکگۆرک بۆ هەرێمی کوردستان و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی پارتی و یەکێتی.