دادگای فیدراڵی عێراق بڕیاری ناردنی پارەی لە حکومەتی عێراقەوە بۆ هەرێم هەڵوەشاندەوە

25-01-2023 01:43

پەرەگراف

لەسەر سکاڵای پەرلەمانتارێکی عێراق، دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری حکومەتی عێراق بۆ ناردنی پارە بۆ حکومەتی هەرێم.

مسته‌فا سه‌نه‌د پەرلەمانتاری سەربەخۆی عێراق کە سکاڵاکەی تۆمار کردووە، دوای کۆبوونەوەی ئەمڕۆی دادگا فیدراڵی لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا لەبەردەم هۆڵی دادگا بڕیارەکەی ڕاگەیاند، وتی، دادگا بڕیاریداوە بە نایاساییبونی ناردنی پارە لە حکومەتی عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان.

ئەو بڕیارەی دادگای فیدراڵی ئەو ٤٠٠ ملیارەش دەگرێتەوە کە حکومەتی عێراق ناوەڕاستی مانگی ڕابردوو بڕیاریدا بۆ هەرێمی بنێرێت بۆ مووچە، بەڵام هێشتا ئەو پارەیە نەگەیشتووەو ئەگەر کار بە بڕیارەکەی ئەمڕۆی دادگای فیدراڵی بکرێت ئەو پارەیە نانێردرێت. مستەفا سەنەد لەدوای بڕیاری ناردنی ئەو ٤٠٠ ملیارە سکاڵاکەی تۆمار کرد.

حکومەتی عێراق پێشتر ڕایگەیاند، ئەو بڕەپارەیە لە چوارچێوەی ڕێككەوتنی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق و بەرنامەی کابینەکەدایە كە لە پەرلەمان دەنگی لەسەر دراوە، ئەوەش بۆ مووچەی مانگی 11و 12ی فەرمانبەرانی هەرێم.

دوای ئەو بڕیارە، تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق ئامادەنەبوو ئەو پارەیە ڕەوانە بکات و لە نوسراوێکدا بۆ ئەنجومەنی وەزیران، ھۆکاری نەناردنی پارەکەی گەڕاندەوە بۆپاکتاونەکردنی شایستە داراییەکانی ھەرێم و بەغدا لەنێوان ساڵانی ٢٠٠٤-٢٠٢٠ لەگەڵ بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی لەبارەی نادەستوریبوونی یاسای نەوت و گازی ھەرێم.