بارزانی دادگای فیدراڵی بە دادگای 'شۆڕشی ڕژێمی پێشوو' ناو دەبات و داوای هەڵوێست لە هاوپەیمانەکانی دەکات

25-01-2023 06:24

پەرەگراف

مەسعود بارزانی کاردانەوەی تووندی لەبەرامبەر بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی پیشاندا کە ناردنی پارەی لە بەغداوە بۆ ھەرێم ھەڵوەشاندەوەو دەڵێت "دوژمنکارانەیەو دادگاکە ئەجێندایەكی گوماناوی جێبەجێ دەكات و جێگەی دادگای شۆڕشی ڕژێمی پێشووی گرتووەتەوە".

بارزانی لە پەیامێکدا دەڵێت "جێگەی سەرسوڕمانە هەر كات كەشێكی ئیجابی لە نێوان هەرێم و بەغدا دروست بووبێت و دەرفەتێك بۆ چارەسەریی گرفتەكان هاتبێتە ئارا، دەستبەجێ دادگای فیدڕاڵی كاری بۆ تێكدانی ئەو دەرفەتە كردووە و بە بڕیارێكی دوژمنكارانە دەرفەتەكەی لەبار بردووە و بووەتە هۆی ئاڵۆزتربوونی كێشەكان".

سەرۆکی پارتی داوای هەڵوێست لە حكوومەتی عێراق و لایەنە پێكهێنەرەكانی هاوپەیمانێتیی ئیدارەی دەوڵەت دەكات و دەڵێت: هەڵوێستی خۆیان لەسەر ئەو پێشێلكاری و دژایەتیكردنە نیشان بدەن كە لەلایەن دادگای فیدڕاڵی لە دژی بەرژەوەندییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدرێت.

دەقی پەیامەکەی بارزانی

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

جێگەی داخە جارێكی تر دادگەی فیدڕاڵیی عێراق هەڵوێستێكی تری دوژمنكارانەی بەرانبەر هەرێمی كوردستان نیشان دا و، ڕێگری لەوەكرد ئەو بڕە پارەیە بۆ هەرێم بێت كە بڕیار بوو لە لایەن حكوومەتی فیدڕاڵەوە بۆ هەرێمی كوردستان بنێردرێت.

لێرەدا مەبەست بڕە پارە نیە بەڵكو، كێشە سەرەكییەكە پێشێلكردنی ماف و پڕەنسیبە. هەموو لایەك ئاگادارن كە بەشداریی ئێمە لەهاوپەیمانێتیی ئیدارەی دەوڵەت و پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق، لەسەر بنەمای بەرنامەیەكی ڕوون و تێروتەسەل بووە كە هەموولایەنەكان ڕێككەوتنیان لەسەر كردووە. دابینكردنی بەشێك لە شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستانیش كە مافێكی ڕەوای خەڵكیكوردستانە، بەشێك بووە لەو بەرنامەیە و ڕێككەوتنی لەسەر كراوە. بۆیە بڕیارەكەی ئەمڕۆی دادگەی فیدڕاڵ، بەر لەوەی دژی هەرێمیكوردستان بێت، دژی پڕۆسەی سیاسی و دژی حكوومەتی عێراقی و دژی بەرنامەی خودی هاوپەیمانێتیی ئیدارەی دەوڵەتیشە.

جێگەی سەرسوڕمانە هەر كات كەشێكی ئیجابی لەنێوان هەرێم و بەغدا دروست بووبێت و دەرفەتێك بۆ چارەسەریی گرفتەكان هاتبێتە ئارا،دەستبەجێ دادگەی فیدڕاڵی كاری بۆ تێكدانی ئەو دەرفەتە كردووە و بە بڕیارێكی دوژمنكارانە دەرفەتەكەی لەبار بردووە و بووەتە هۆی ئاڵۆزتربوونی كێشەكان. دیارە ئەجیندایەكی گوماناوی جێبەجێ دەكات و جێگەی دادگەی شۆڕش (محكمة الثورة)ـی ڕژێمی پێشووی گرتووەتەوە.

لێرەدا داوا لە حكوومەتی عێراقی و لایەنە پێكهێنەرەكانی هاوپەیمانێتیی ئیدارەی دەوڵەت دەكەم هەڵوێستی خۆیان لەمەڕ ئەو پێشێلكاری ودژایەتیكردنە نیشان بدەن كە لەلایەن دادگەی فیدڕاڵی لە دژی بەرژەوەندییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدرێت.

مسعود بارزانی

25ی كانوونی دووەمی 2023