نێچیرڤان بارزانی: بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی تەواو نادادپەروەرانە و ستەمكارانەیە

26-01-2023 01:17

پەرەگراف

سەرۆكی هەرێمی كوردستان بڕیارەكەی ئەمڕۆی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق دژی ناردنی هەر بڕەپارەیەك بۆ هەرێم، بە "بڕیارێكی تەواو نادادپەروەر و ستەمكارانەیە" ناو دەبات و دەڵێت "نەك تەنیا مووچەخۆران و خەڵكی كوردستان، بەڵكو تەواوی پرۆسە و سەقامگیریی سیاسی و ئەو ڕێككەوتنەش بە ئامانج دەگرێت كە حكوومەتی نوێی فیدراڵیی عێراقی لەسەر دامەزراوە".

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێی وایە ئەم بڕیارە "گومان و دەیان نیشانەی پرسیاری گەورە دروست دەكات" و "بابەتی پەلەكردن لە دەرچوواندنی یاسایەكی تازە بۆ دووبارە دامەزراندنەوەی دادگاكە دەهێنێتە پێشەوە".

دەقی ڕاگەیەندراوی سەرۆكی هەرێمی كوردستان:

بڕیاری ئەمڕۆی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بە نادروستیی ناردنی شایستەی دارایی و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لەلایەن حكوومەتی فیدراڵیی عێراقەوە لە ساڵانی ٢٠٢١ و ٢٠٢٢، بڕیارێكی تەواو نادادپەروەر و ستەمكارانەیە. ئەو بڕیارە نەك تەنیا مووچەخۆران و خەڵكی كوردستان كە هاووڵاتیی عێراقن، بەڵكو تەواوی پرۆسە و سەقامگیریی سیاسی و ئەو ڕێككەوتنەش بە ئامانج دەگرێت كە حكوومەتی نوێی فیدراڵیی عێراقی لەسەر دامەزراوە.

عێراق بە پرۆسەیەكی درێژ و ئاڵۆزی سیاسی و ناسەقا‌مگیریدا تێپەڕی تاكو دواجار حكوومەتێك لە بەغدا هاتە كایەوە كە خەڵكی عێراق هیوا و ئومێدیان لەسەر قۆناغێكی سەقامگیر و باشتری داهاتوو هەڵچنی. هەموو چاوەڕوانییەك لە دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق ئەوەبوو كە بە پاراستنی بەرژەوەندیی هەموو پێكهاتەكانی عێراق و بە ڕەچاوكردنی دۆخی سیاسی، نەبێتە هۆی شێواندنی ئەو دەرفەت و كەشە ئەرێنییەی بۆ چارەسەركردنی كیشەكانی وڵات، بەتایبەتی كێشەكانی هەولێر ـ بەغدا دروست بووە و سەقامگیریی سیاسیی عێراق نەخاتە مەترسییەوە.

ئەم بڕیارەی‌ دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق لەم كاتەدا، جگە لەوەی گومان و دەیان نیشانەی پرسیاری گەورە دروست دەكات، هەروەها بابەتی پەلەكردن لە دەرچوواندنی یاسایەكی تازە بۆ دووبارە دامەزراندنەوەی دادگەكە دەهێنێتە پێشەوە، وەك‌ بەشێكی گرنگ و سەرەكیی ڕێككەوتنی لایەنە سیاسییەكان‌ بۆ دامەزراندنی حكوومەتی نوێی فیدراڵیی عێراق.