ئاسایش: حەوت تۆمەتبار دەستگیر كران كە سیانیان پلەی ئەمیریان لەناو داعشدا هەبووە

26-01-2023 02:05
وێنەى تۆمەتبارەکان کە لەلایەن ئاسایشى ڕۆژئاواى سلێمانییەوە بڵاو کراوەتەوە

پەرەگراف

ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی دەستگیركردنی حەوت تۆمەتباری بە ماددەی چواری تیرۆر ڕاگەیاند كە  بە وتەی ئاسایش "سیانیان پلەی ئەمیریان لەناو داعشدا هەبووە".

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت "ئەو حەوت تۆمەتبارە لەلایەن حكومەتی فیدراڵی عێراقەوە داواكراو بوون و سەرجەمیان خەڵكی پارێزگاكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقن".

بەپێی ڕاگەیەندراوەكە، ئەو كەسانە "بەمەبەستی خۆحەشاردان، بە ناوی كاركردنەوە هاتبوونە سنووری چەمچەماڵ و بازیان".

ئەو تۆمەتبارانە لە ئۆپەراسیۆنێكدا لەلایەن ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی بە هاوكاریی ئۆپەراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی، لە چەند هەڵمەتێكدا لە شەوانی ٢٣ و ٢٤ی ئەم مانگە دەستگیر كراون.

ئاسایش دەڵێت "پاش لێكۆڵینەوە، دەركەوت سێ‌ لە دەستگیركراوەكان پلەی ئەمیریان لەناو داعشدا هەبووە و سەرجەمیشیان ڕاپێچی بەردەم دەسەڵاتی دادوەریی كران".