ئەمریکا جەخت لە باشتركردنی پەیوەندییەكانی پارتی و یەكێتی دەكاتەوە

26-01-2023 11:30
مەسروور بارزانى و برێت مەکگۆرک

پەرەگراف

برێت مەكگۆرك لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ مەسروور بارزانی، جەختی لە باشتركردنی پەیوەندییەكانی پارتی و یەكێتی كردەوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوی حكومەتی هەرێم، لە پەیوەندییەكەدا كە ئێوارەی ئەمڕۆ ئەنجام دراوە، مەكگۆرك تیشكیشی خستووەتە سەر سەردانی ئەم دواییەی بۆ بەغدا و هەولێر و گفتوگۆكانی سەبارەت بە هەنگاوەكانی داهاتوو بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ لەسەر بوودجە و پرسەكانی دیكە.

سەرۆكی حكومەتی هەرێم نیگەرانیی خۆیشی لەبارەی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی دژی ناردنی بوودجە بۆ هەرێم، گەیاندووەتە برێت مەكگۆرك.

دەقی ڕاگەیەندراوی حكومەتی هەرێم لەبارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەوە:

ئێوارەی ئەمڕۆ، پەیوەندییەكی تەلەفۆنیمان لە بەڕێز برێت مەكگورك، هاوئاهەنگكاری كۆشكی سپی بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئافریقا‌ ‌پێگەیشت.

لە پەیوەندییەكەدا، بەڕێز مەكگورك تیشكی خستە سەر سەردانی ئەم دواییەی بۆ بەغدا و هەولێر و گفتوگۆكانی سەبارەت بە هەنگاوەكانی داهاتوو بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ لەسەر بودجە و پرسەكانی دیكە. هەروەها جەختی لە گرنگی یەكڕیزی لایەنە كوردستانییەكان و باشتركردنی پەیوەندییەكانی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كردەوە.

لە پەیوەندییەكەدا هەروەها بڕیاری ئەم دواییەی دادگای باڵای فیدراڵی تایبەت بە ڕێگریكردن لە ناردنی ئەو بڕە پارەیەی كە بڕیار بوو لە لایەن حكومەتی فیدراڵەوە بۆ هەرێمی كوردستانەوە بنێردرێت، تاوتوێ كرا. نیگەرانی خۆمان لە دەرچوونی بڕیارەكە دەربڕی كە ئامانجی تێكدانی كەشی ئەرێنی و باشتركردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدایە و مەبەستێكی سیاسی لە پشتە .

هاوئاهەنگكاری كۆشكی سپی بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئافریقا، پشتیوانی وڵاتەكەی بۆ چاكسازییەكانی كابینەی نۆیەم ، بەتایبەتی چاكسازییەكانی وەزارەتی پێشمەرگە، هەروەها پێشكەوتنەكانی كەرتی وزە و باشتركردنی ژێرخانی ئابووری و هەوڵەكانی بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی كەش و هەوا دووپات كردەوە.

هەردوولا هاوڕابووین لەسەر گرنگی نەهێشتنی هەموو بەربەستەكانی بەردەم گەشەپێدانی كەرتی وزە و وەبەرهێنانی زیاتری كۆمپانیا ئەمەریكییەكان لە هەرێمی كوردستان.

هەروەها هاوڕابووین لە سەر ئەوەی لە پەیوەندی بەردەوامدا بین