پارتی و یەكێتی لەسەر ئاستی باڵا لە سلێمانی كۆدەبنەوە

27-01-2023 01:02

پەرەگراف

ڕۆژی شەممە پارتی و یەكێتی لەسەر ئاستی باڵا لە سلێمانی كۆدەبنەوە و گفتوگۆ دەربارەی كێشە و نیگەرانییەكانی ئەم دواییەی نێوانیان دەكەن.

سۆران جەمال تاهیر، وتەبێژی یەكێتی، لە لێدوانێكدا بۆ میدیاكان وتی "وەفدی یەكێتی لەسەر ئاستی تیمەكەمان لە حكومەت و ئەندامانی سەركردایەتی و هەڤاڵانمان لە دەستەی كارگێڕی بەشدار دەبن".

وتەبێژی یەكێتی بەشدارینەكردنی قوباد تاڵەبانیی لە كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ "چەند نیگەرانییەك" گەڕاندەوە و وتی "ئەگەر كۆبوونەوەكەی شەممە بە ئاقارێكی باشدا بڕوات، پێم وایە زۆربەی كێشەكان هەنگاو بە هەنگاو چارەسەر بكرێت".

سەبارەت بە دۆسیەی هاوكار جاف كە یەكێك لە كێشەكانی نێوان پارتی و یەكێتییە، سۆران جەمال تاهیر جەختی كردەوە كە "كێشە ئەمنییەكان نابنە لەمپەڕ بۆ ڕێككەوتن" و وتی "كێشەی سەرەكی نەبوونی متمانەیە".