ڕاوێژكاری دارایی سەرۆكوەزیرانی عێراق: یەدەگی نەختینەیی لە بەرزترین ئاستی مێژووییدایە

27-01-2023 02:14

پەرەگراف

ڕاوێژكاری سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ كاروباری دارایی ڕایدەگەیەنێت "كەمكردنەوەی تەنگەژەكانی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار و دەرەنجامەكانی، دوو بۆ سێ مانگی بەسە". دەشڵێت "یەدەگی نەختینەیی عێراق بەرزترین ئاستی لە مێژووی عێراقدا تۆمار كردووە".

مەزهەر محەمەد ساڵح، ڕاوێژكاری سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ كاروباری دارایی، لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ كەناڵی ئاسمانیی فورات ڕایگەیاند "تەنیا بانكی ناوەندی لە بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بەرپرس نییە، بەڵكوو ئەوە بابابەتی گفتوگۆی نیوان حكومەت و بانكی ناوەندییە".

ڕاوێژكارەكەی سەرۆكوەزیرانی عێراق پێی وایە كە سیناریۆی یەكەمی چارەسەری دابەزینی نرخی دینار بەرانبەر دۆلار، ئەوەیە "پارێزگاری لە نرخێكی پەسەندكراو و جێگیر بكرێت كە نزیك بێت لە نرخی ڕەسمییەوە". ئەوەش "دوو بۆ سێ مانگی بەسە".

سەبارەت بە یەدەگی نەختینەیی بانكی ناوەندیش، مەزهەر محەمەد ساڵح ڕایگەیاندووە كە گەیشتووتە "سەرووی 150 ملیار دۆلار، كە بەرزترین ئاستە لە مێژووی عێراقدا".

ڕاوێژكارە داراییەكەی سوودانی ئاماژەی بەوەش كردووە كە "داهاتی نەوتی عێراق دەچێتە سندووقێكی پارێزراوەوە كە كراوەیە بۆ بانكی ناوەندی".

مەزهەر محەمەد ساڵح دەشڵێت "بانكی نەختینەیی فیدراڵی بەهۆی ئاڵۆزییەكانی ناوچەكەوە، هەستی بە مەترسی كردووە، بۆیە پلاتفۆرمێكیان بۆ وردبینی حەواڵەكان دامەزراندووە".

هەرچەندە حكومەتی عێراق و بانكی ناوەندی ژمارەیەك ڕێكاریان بۆ ئاساییكردنەوە و جێگیركردنی نرخی دینار و بەرانبەر دۆلار گرتووەتە بەر، بەڵام هێشتا بەهای دۆلار بەرزە و 100 دۆلار لە نێوان 163 بۆ 164 هەزار دینار مامەڵەی پێوە دەكرێت.