یەکێک لە گەورە کۆمپانیاکان کۆتایی بە کارکردن لە کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان دەهێنێت

28-01-2023 12:12

پەرەگراف

کۆمپانیای زەبەلاحی بازرگانیی (ترافیگۆرا گروپ) کۆتایی بە کارکردن لەگەڵ حکومەتی هەرێم دەهێنێت، ئاژانسی بلومبێرگی ئەمەریکی ئەوە بە لێدانی گورزێکی نوێ لە فرۆشتنی سەربەخۆی نەوتی هەرێم ناودەبات.

کۆتاییهێنان بە گرێبەستی ئەو کۆمپانیایە لەگەڵ حکومەتی هەرێم، دوای ئەوەدێت دانوستانەکانی نێوانیان شکستی هێناوە بۆ ڕێککەوتنێکی نوێ لەسەر نرخی نەوت.

بلومبێرگ دەڵێت، فشارەکانی بەغداد لەسەر کەرتی نەوتی هەرێم و خستنەبازاڕی نەوتی ڕووسیا کاریگەرییان هەبووە لەسەر شکستی دانوستانەکان و کۆتاییهێنان بە کارکردنی ترافیگۆرا گروپ لە کەرتی نەوت هەرێم.

ئەو کۆمپانیایە بڕیاربووە لە کۆڕبەندی داڤۆس مەسرور بارزانی ببینن و دانوستان بکەن، بەڵام بارزانی دیدارەکەی هەڵوەشاندووەتەوە بەبێ ئەوەی هیچ ڕوونکردنەوەیەکی لەبارەوە بدات.

ترافیگۆرا یەكێك لەو كۆمپانیایانە بوو كە لە ساڵی 2014-2015وە دەستی بە کارکردن لە کەرتی نەوتی هەرێم کردووە، لەو کاتە سەختانەی قەیرانی دارایی هەرێم، قەرزی بە حکومەت داوە.

لە دوای شکستی دیدارەکەی داڤۆس، ترافیگۆرا دەیەوێت داوای گەڕاندنەوەی دەستبەجێی ئەو قەرزە بکاتەوە کە بە حکومەتی هەرێمی داوە، تا هەفتەی ڕابردوو ئەو کۆمپانیایە 273 ملیۆن دۆلاری لای حکومەتی هەرێم بووە کە وەک پارەی کڕینی پێشوەختەی نەوت پێیداوە.

لە دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق کە یاسای نەوت و گازی هەرێمی بە نادەستوری لەقەڵەمدا، بەغداد زنجیرەیەک ڕێوشوێنی لە دژی کەرتی نەوتی هەرێم گرتەبەرو کۆمپانیاکانی ئاگادار کردەوە کار لەو کەرتەدا نەکەن و نەوتەکەش نەکڕن، هەروەها ژمارەیەک کۆمپانیاشی لەسەر ئەو بابەتە خستە لیستی ڕەشەوە، ئەوەش حکومەتی هەرێمی خستەژێر گوشارەوە.