وەزارەتی سامانە سروشتییەكان: ئەو نەوتەی هاتووە بەسەر خەڵكی هەژار و كەمدەرامەتدا دابەش دەكرێت

28-01-2023 07:12

پەرەگراف

وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ڕەتی دەكاتەوە 60 تانكەر نەوتەكەی ئەمڕۆ لەسەر داوای هیچ لایەنێكی سیاسی هاتبێت و دەشڵێت "بەسەر خەڵكی هەژار و كەمدەرامەتدا دابەش دەكرێت"، ئەوە لەکاتێکدایە نەوەی نوێ دەڵێت، لەسەر داوای شاسوار عەبدولواحید ئەو نەوتە ڕەوانە کراوە.

وەزارەتەكە لە ڕوونكردنەوەیەكدا ڕایگەیاندووە "پاش سەردانەكەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا، حكومەتی فیدراڵی عێراق ئەمڕۆ 28ی كانوونی دووەم، 60 تەنكەر نەوتی سپیی بۆ هەرێمی كوردستان ناردووە".

"ناردنی ئەم دوو ملیۆن لیترەی نەوتی سپی لەسەر داوای هیچ لایەنێكی سیاسی نەبووە و بە بەراورد لەگەڵ زیاتر لە 254 ملیۆن لیتر پێداویستیی ناوخۆیی هەرێم، بڕێكی زۆر كەمە"، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان وا دەڵێت.

ڕوونكردنەوەكەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان پاش ئەوە دێت كە جووڵانەوەی نەوەی نوێ‌ و میدیاكانی نزیك لە جووڵانەوەكە بڵاویان كردەوە كە ناردنی ئەو نەوتە لەسەر داوای شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جووڵانەوەی نەوەی نوێ‌ بووە، پاش ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوو لە بەغداد لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق كۆبووەوە.

وەزارەتی سامانە سروشتییەكان دەڵێت "بۆ دابینكردنی بەرمیلێك نەوت بۆ هەر ماڵێك، یەك ملیۆن و 274 هەزار بەرمیل نەوتمان پێویستە تا ئێستا زیاتر لە 64 ملیۆن لیتر نەوتی سپیمان بە نرخی پاڵپشتیكراو لە ناوچە شاخاوییەكان دابەش كردووە".

وەزارەتەكە ڕایشیگەیاندووە كە "ئەم دوو ملیۆن لیترە بە هەماهەنگی لەگەڵ پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان، بێ بەرامبەر بەسەر خەڵكی هەژار و كەمدەرامەت دابەش دەكەین، كە هاوكاتە لەگەڵ تەواوبوونی پرۆسەی دابەشكردنی نەوتی سپی لە ناوچە شاخاوییەكان و دەستپێكردنی لە ناوچەكانی دەوروبەر".

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم ملیۆنێک و 284 هەزار 276 خێزان لە هەرێمی کوردستاندا هەیە، تاوەکو دوانزەی ئەم مانگە تەنها 252 هەزار خێزان نەوتی سپییان وەرگرتووە واتە زیاتر لە ملیۆنێک خێزان نەوتی وەرنەگرتووە.