نەدیم زەهاوی، وەزیرە کوردەکەی بەریتانیا بەهۆی خۆدزینەوە لە باج دوورخرایەوە

29-01-2023 02:40

پەرەگراف

نەدیم زەهاوی وەزیرە کوردەکەی بەریتانیا کە سەرۆکی پارتی پارێزگارانی ئەو وڵاتەیە، لەلایەن سەرۆکوەزیرانەوە دوورخرایەوە بەهۆی خۆدزینەوە لە پێدانی باج بە دەوڵەت.

زەهاوی بەهۆی پۆستەکەیەوە لە پارتی پارێزگارانی فەرمانڕەوا، پۆستی وەزیری بێوەزارەتیشی لە حکومەت پێدرابوو تا بتوانێت لە کۆبوونەوەکانی حکومەتدا بەشداربێت.

نەدیم زەهاوی، بە رەچەڵەک کوردی فەیلییەو پێشتر چەندین پۆستی باڵای وەزاریی هەبووە لە حکومەتەکانی بەریتانیادا، سیاسییەکانی ناسراوە لەو وڵاتە.

دوای لێکۆڵینەوەیەکی ڕاوێژکاری ئەخلاقیی ڕیشی سوناک سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، نەدیم زەهاوی لە حکومەت دوورخرایەوە، ڕاوێژکارەکەی سوناک ڕەخنەی لە زەهاوی گرتووە لە چۆنیەتی مامەڵەکردنی لەگەڵ کاروباری باجدا.

سەرۆکوەزیران لە نامەیەکدا بۆ زەهاوی ئاماژەی بەوە کردووە کە لێکۆڵینەوەی ڕاوێژکارەکەی دەریخستووە کە زەهاوی "یاسا و بەهاکای وەزیرێتی بە شێوەیەکی جدیی پێشێل کردووە".

سوناک داوای لە سێر لۆری ماگنەس کردبوو کە لێکۆڵینەوە لە زەهاوی بکات دوای ئەوەی دەرکەوت کە زەهاوی پێنج ملیۆن پاوەندی وەک سزا داوە بە دەزگای گومرگ و داهات، ئەو سزایە بەهۆی ئەوەوە بووە کە پێشتر باجی نەداوە.

دەرئەنجامی لێکۆڵینەوەکەی سێر لۆری دەریخستووە کە زەهاوی ڕاشکاو نەبووە سەبارەت بە لایەنی دارایی خۆی.

لە نامەیەکدا بۆ زەهاوی، سوناک نووسیویەتی: "لەبەر دەرئەنجام ئەو لێکوڵینەوەیە، ئاگادارتان دەکەمەوە لە بڕیاری خۆم بۆ دوورخستنەوەتان لە پۆستەکەت لە حکومەت".

لە وەڵامدا، زەهاوی سوپاسی سەرۆکوەزیرانی کردووە و وتوویەتی، شانازی بە دەستکەوتەکانی دەکات لە حکومەتدا - تیشکی خستووە سەر دابەشکردنی ڤاکسین و پرسەی شاژن. هەروەها بەڵێنی داوە پشتیوانی لە سەرۆکوەزیران بکات.