بەهای ١٠٠ دۆلار ١٦٦ هەزار دیناری تێپەڕاند

29-01-2023 02:49

پەرەگراف

جارێکی دیکە بەهای دۆلار بەرزبووەو ئەمڕۆ لە بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەرێم و عێراق ١٠٠ دۆلار ١٦٦ هەزار دیناری تێپەڕاند.

لەگەڵ بەرزبوونەوە بەردەوامەکانی بەهای دۆلار، بانکی ناوەندیی عێراق بەردەوامە لە بڵاوکردنەوەی ڕوونکردنەوەی هەنگاوکانیان لە پێناو بەرزکردنەوەی بەهای دینارو کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکە، بەڵام هەنگاوەکان هێشتا بێکاریگەرن.

بانکی ناوەندیی ئەمڕۆ داوای لە بانکەکانی بازرگانی عێراق و ڕەشیدو ڕافیدەین کرد، فرۆشتنی دۆلار بە گەشتیاران فراوان بکەن.

هاوکات بانکی ناوەندی ڕەتی دەکاتەوە کۆت و بەند بۆ فرۆشتنی دۆلار بە هاوڵاتییان دانرابێت و ئەوە دەخاتەڕوو، فرۆشتنەکە بە تۆمارکردنی ئەلیکترۆنی دەبێت و سیستمەکە ڕێگرە لەوەی دۆلار زیاتر لە جارێک بە کەسێک بفرۆشرێت، ئەوەش ڕێگر دەبێت لەوەی خەڵک بۆ مەبەستی دیکە دۆلاریان دەستبکەوێت.