دادگای فیدراڵی سكاڵای لەسەر شاخەوان عەبدوڵڵا تۆمار كرد

29-01-2023 06:47

پەرەگراف

دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق سكاڵای لەسەر شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان تۆمار كرد و داوای ئامادەبوونی دەکرێت لەبەردەم دادوەر.

دادگای فیدراڵی شاخەوان عەبدوڵڵا بەوە تۆمەتبار دەكات كە سەربەخۆیی دادگای لەكەدار كردووە و پێشێلی سەروەریی بڕیارەكانی دادگای كردووە كە ئەو كارە پێچەوانەی دەستوورە.

سكاڵاكە دوای ئەوەدێت جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان لەسەر بڕیاری ڕاگرتنی ناردنی پارە لە بەغداوە بۆ هەرێم، ڕەخنەی لە دادگای فیدراڵی گرت و وتی لایەنەكان كاریگەرییان لەسەر بڕیارەكانی هەیە.

دادگای كەرخ لەسەر ئەو سكاڵایە شاخەوان عەبدوڵڵای بانگ كردووە تا لەبەردەم دادوەر ئامادە بێت، ئەو ماددەی یاساییەی ناوبراوی پێ بانگ كراوە، سزای تا سێ ساڵ زیندانیكردنی تێدایە.

ڕۆژی 25-1-2022، دادگای باڵای فیدراڵی لەسەر سكاڵای پەرلەمانتارێكی عێراق، بڕیاری دا بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری حكومەتی عێراق بۆ ناردنی پارە بۆ حكومەتی هەرێم.

مستەفا سەنەد، پەرلەمانتاری سەربەخۆی عێراق كە سكاڵاكەی تۆمار كردبوو، دوای كۆبوونەوەی دادگا فیدراڵی لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا لەبەردەم هۆڵی دادگا بڕیارەكەی ڕاگەیاند، وتی، دادگا بڕیاری داوە بە نایاساییبونی ناردنی پارە لە حكومەتی عێراقەوە بۆ هەرێمی كوردستان.

ئەو بڕیارەی دادگای فیدراڵی ئەو ٤٠٠ ملیارەش دەگرێتەوە كە حكومەتی عێراق ناوەڕاستی مانگی ڕابردوو بڕیاریدا بۆ هەرێمی بنێرێت بۆ مووچە، بەڵام هێشتا ئەو پارەیە نەگەیشتووەو ئەگەر كار بە بڕیارەكەی ئەمڕۆی دادگای فیدراڵی بكرێت ئەو پارەیە نانێردرێت. مستەفا سەنەد لەدوای بڕیاری ناردنی ئەو ٤٠٠ ملیارە سكاڵاكەی تۆمار كرد.

حكومەتی عێراق پێشتر ڕایگەیاند، ئەو بڕەپارەیە لە چوارچێوەی ڕێككەوتنی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق و بەرنامەی كابینەكەدایە كە لە پەرلەمان دەنگی لەسەر دراوە، ئەوەش بۆ مووچەی مانگی 11و 12ی فەرمانبەرانی هەرێم.

دوای ئەو بڕیارە، تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق ئامادەنەبوو ئەو پارەیە ڕەوانە بكات و لە نوسراوێكدا بۆ ئەنجومەنی وەزیران، ھۆكاری نەناردنی پارەكەی گەڕاندەوە بۆپاكتاونەكردنی شایستە داراییەكانی ھەرێم و بەغدا لەنێوان ساڵانی ٢٠٠٤-٢٠٢٠ لەگەڵ بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی لەبارەی نادەستوریبوونی یاسای نەوت و گازی ھەرێم.