ئەمریكا خەڵاتی بەرگریكردن لە مافەكانی مرۆڤ دەبەخشێتە پارێزەرێكی دۆسیەی دەستگیركراوانی بادینان

پەرەگراف
خەڵاتی بەرگریكردن لە مافەكانی مرۆڤ لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكاوە بە بەشدار حەسەن، پارێزەری دۆسیەی دەستگیركراوانی بادینان دەبەخشرێت. خۆی دەڵێت "لەناو 600 كەسدا كە سیڤییان پێشكەش كراوە، من و كەسێكی دیكە بۆ وەرگرتنی خەڵاتەكە هەڵبژێردراوین".
بەشدار حەسەن ئەمشەو بە فڕۆكە بەرەو واشنتۆن بەڕێ كەوت، تا دووسبەی خەڵاتەكە وەربگرێت. بەر لە ڕۆیشتنی لە فڕۆكەخانە لەبارەی خەڵاتەكەوە بۆ پەرەگراف دوا.
بەشدار حەسەن، پارێزەری دۆسیەی دەستگیركراوانی بادینان، بە پەرەگرافی وت "لەلایەن هەموو باڵیۆزخانە و نێردە دیبلۆماتییەكانی ئەمریكا لە وڵاتانی جیهاندا، سیڤیی ئەو كەسانە بۆ وەزارەتی دەرەوە ڕەوانە كراوە كە بەرگری لە مافی مرۆڤ دەكەن".
ئەو پارێزەرە وتیشی "لەناو زیاتر لە ٦٠٠ سیڤیدا (كە لەلایەن باڵیۆزخانە و نێردە دیبلۆماتییەكانی ئەمریكا لە وڵاتانی جیهاندا ڕەوانەی وەزارەتی دەرەوە كراون)، دوو كەس بۆ وەرگرتنی خەڵاتەكە هەڵبژێردراون كە یەكێكیان منم".
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ساڵانە لە مانگی دوودا، دوو كەسایەتی خەڵات دەكات وەكوو باشترین بەرگریكارەكان لە مافی مرۆڤ لەسەر ئاستی جیهان.
بەشدار حەسەن بۆ پەرەگراف وتی "كاتژمێر ١٠ی بەیانیی ڕۆژی ١-٢-٢٠٢٣، لە مەراسیمێكدا لە باڵەخانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە واشنتۆن، خەڵاتەكە لەلایەن وەزیری دەرەوە یان جێگرەكەی پێشكەش دەكرێت".
بەشدار حەسەن كە یەكێكە لە پارێزەرە خۆبەخشەكانی ڕۆژنامەنووس و چالاكانی دەستگیركراوی بادینان، لە دوو ساڵی ڕابردوودا ڕۆڵێكی گرنگ و بەرچاوی هەبوو لە پارێزگاریكردن لە مافی ئەو دەستگیركراوانە.