پەرەگراف
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم، دەڵێت "یەكەم بژاردە و كۆتا بژاردەی بەردەم هەردوو حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ، ڕێككەوتنێكی گشتگیر و درێژخایەنە كە بەپێی دەستوور و لە بەرژەوەندیی هەموو هاووڵاتیانی عێراق و كوردستاندا بێت".
ئەم قسانەی قوباد تاڵەبانی پاش ئەوە هات كە ئەمڕۆ سەردانی بەغدادی كرد و لەگەڵ هەر یەكە لە سەرۆككۆمار، سەرۆكوەزیران، سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، سەرۆكی ڕەوتی حیكمە و وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتیی عێراق كۆبووەوە.
قوباد تاڵەبانی لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك دەڵێت "لە كۆبوونەوەكاندا جەختمان كردەوە دەبێت گفتوگۆكانمان چڕبكەینەوە بۆ ئەوەی لە ماوەیەكی نزیكدا بە تایبەت لەسەر هەردوو پرسی بوودجە و یاسای نەوت و گاز ڕێك بكەوین".
جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم جەخت دەكاتەوە كە "چیتر دواكەوتنی ڕێككەوتن لە بەرژەوەندیی هیچ لایەكدا نییە" و دەڵێت "هەموو خەڵكی عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە، داوای خزمەتگوزاری و خۆشگوزەرانیی دەكەن".
"ڕێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا، زەمینەیەكی لەبار دروست دەكات تا هەردوولا پێكەوە كار بكەین بۆ جێبەجێكردنی داواكارییەكانی خەڵك و باشتركردنی دۆخی خزمەتگوزارییەكان"، قوباد تاڵەبانی وا دەڵێت.
قوباد تاڵەبانی هیواداریشە "پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا بگەنە ئاستێكی زۆر باش" و دەڵێت "گەشبینم لەگەڵ ئەم كابینەیەی حكومەتی عێراق بە سەرۆكایەتیی محەمەد شیاع سوودانی بەشێكی زۆری كێشەكان چارەسەر بكەین".