قوباد تاڵەبانی: ڕێككەوتن یەكەم و كۆتا بژاردەی حكومەتی ‏هەرێم و حكومەتی فیدراڵە

30-01-2023 11:24
قوباد تاڵەبانی ئەمڕۆ لە بەغداد لەگەڵ سەرۆکایەتییەکانی عێراق و لایەنەکان کۆبووەوە.

پەرەگراف

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم، دەڵێت "یەكەم بژاردە ‏و كۆتا بژاردەی بەردەم هەردوو حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ، ‏ڕێككەوتنێكی گشتگیر و درێژخایەنە كە بەپێی دەستوور و لە ‏بەرژەوەندیی هەموو هاووڵاتیانی عێراق و كوردستاندا بێت".‏

ئەم قسانەی قوباد تاڵەبانی پاش ئەوە هات كە ئەمڕۆ سەردانی بەغدادی ‏كرد و لەگەڵ هەر یەكە لە سەرۆككۆمار، سەرۆكوەزیران، سەرۆكی ‏ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، سەرۆكی ڕەوتی حیكمە و وەزیری كار و ‏كاروباری كۆمەڵایەتیی عێراق كۆبووەوە.‏

قوباد تاڵەبانی لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك دەڵێت "لە ‏كۆبوونەوەكاندا جەختمان كردەوە دەبێت گفتوگۆكانمان چڕبكەینەوە بۆ ‏ئەوەی لە ماوەیەكی نزیكدا بە تایبەت لەسەر هەردوو پرسی بوودجە و ‏یاسای نەوت و گاز ڕێك بكەوین".‏

جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم جەخت دەكاتەوە كە "چیتر ‏دواكەوتنی ڕێككەوتن لە بەرژەوەندیی هیچ لایەكدا نییە" و دەڵێت ‏‏"هەموو خەڵكی عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە، داوای خزمەتگوزاری ‏و خۆشگوزەرانیی دەكەن".‏

‏"ڕێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا، زەمینەیەكی لەبار دروست دەكات تا ‏هەردوولا پێكەوە كار بكەین بۆ جێبەجێكردنی داواكارییەكانی خەڵك و ‏باشتركردنی دۆخی خزمەتگوزارییەكان"، قوباد تاڵەبانی وا دەڵێت.‏

قوباد تاڵەبانی هیواداریشە "پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا ‏بگەنە ئاستێكی زۆر باش" و دەڵێت "گەشبینم لەگەڵ ئەم كابینەیەی ‏حكومەتی عێراق بە سەرۆكایەتیی محەمەد شیاع سوودانی بەشێكی زۆری ‏كێشەكان چارەسەر بكەین".‏