دادگای فیدراڵی دانیشتنەکەی لەبارەی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان بۆ ٧ی شوبات دواخست

31-01-2023 01:20
ساتی دەنگدانی پەرلەمانتاران بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان. ٩-١٠-٢٠٢٢. وێنە؛ ماڵپەڕی پەرلەمان

پەرەگراف

ئەمڕۆ سێھەم دانیشتنی دادبینی لەسەر دۆسیەی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان لە دادگای فیدراڵی عێراق بەڕێوەچوو، دادگا دانیشتنەکەی دواخست بۆ ٧-٢-٢٠٢٣.

لە دانیشتنەکەدا نوێنەری داوا لەسەرکراوان(پەرلەمانی کوردستان) ئامادە نەبون بە بیانوی ڕەوشی کەش و ھەوا.

چوار داوای یاسایی لە دادگاکە تۆمارکراون لە دژی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان و دادگاکە ھەر چوار داواکەی یەکخستووە، داواکان سیانیان لەلایەن جووڵانەوەی نەوەی نوێ تۆمار کراون، یەکەم داوا لەلایەن سروە عەبدولواحید سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لەپەرلەمانی عێراق تۆمارکرا، پاشان هەریەکە لە شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەکەو کاوە عەبدولقادر سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەینوێ لە پەرلەمانی کوردستان داوای یاساییان بۆ هەمان مەبەست لە دادگاکە تۆمار کرد.

دواتریش یوسف محەمەد سەرۆکی پیشووی پەرلەمانی کوردستان لەسەر هەمان بابەت داوایەکی یاسایی لە دادگای فیدراڵی تۆمارکرد سەبارەت بە نادەستوری بونی دەرچونی یاسای درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان و دەسەڵاتەکانی دیکەی ھەرێم، داوایھەڵوەشاندنەوەی یاساکەیان کرد.

یوسف محەمەد دوای دانیشتنەکەی ئەمڕۆی دادگا ڕایگەیاند "ئێمە بەردەوام ئەبین لە دژوەستانەوەی پێشێلکردنی ماف و ئازادییەکانی خەڵکی کوردستان و بەرگریکردن لە ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی دور لە تەزویر و گزیکاری و، دور لە دەستێوەردانی چەکداری لە یەکلاکردنەوەی ململانێ سیاسییەکانی ھەرێم".

ڕۆژی ٩-١٠-٢٠٢٢ بە دەنگی ٨٠ پەرلەمانتار لە فراکسیۆنەکانی پارتی، یەکێتی، گۆڕان و پێکهاتەکان درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانیکوردستان بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێک پەسەند کرا.

نەوەی نوێ لە کۆبوونەوەی درێژکردنەوەی پەرلەماندا ناڕەزایی پیشاندا بە تەپڵ و فیکە لێدان و دژی درێژکردنەوەکە وەستایەوە، فراکسیۆنەکانی دیکەی ئۆپۆزسیۆنیش بایکۆتی کۆبوونەوەکەیان کرد.

لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان کۆک بوون لەسەر ئەو داوایەی کە پەرلەمان کارەکانی هەڵپەسێرێت و حکومەت ببێتە کاربەڕێکەر تاوەکو بە زووترین کات هەڵبژاردن بکرێت، بەڵام پارتی و یەکێتی و گۆڕان گوێیان بەو داوایە نەداو ئەو پێشنیازە تەنها سێ دەنگی بەدەستهێنا کە دەنگی پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ بوو.

لە 30 ساڵی حوكمڕانی هەرێمی كوردستان و لە دوای یەكەم هەڵبژاردنەوە لە ١٩-٥-١٩٩٢، هیچ پڕۆسەیەكی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی كوردستان لە وادەی یاسایی و دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوەنەچووە.

ئێستا پەرلەمان لە خولی پێنجەمی تەمەنیدایەو ئەگەر هەڵبژاردنەکان لەکاتی خۆیاندا بکرانایە دەبوو لە هەشتەمین خولیدا بوایە، پەرلەمان نزیکەی نیوەی تەمەنی بە درێژکردنەوەی بەسەر بردووە.