گۆڕان سکاڵای لەسەر مەلا بەختیار تۆمار کردو دەڵێت با تۆمەتەکانی لە دادگا بسەلمێنێت

31-01-2023 03:14

پەرەگراف

بزووتنەوەی گۆڕان سکاڵای لەسەر مەلا بەختیار تۆمار کردو داوای لێدەکات لە دادگا ئەو تۆمەتانە بسەلمێنێت کە لە تۆمارێکی دەنگیدا ئاڕاستەی بزووتنەوەکەی کردووە لەبارەی داهاتی قاچاخچێتی.

فەرمان حەسەن ئەندامی ژووری یاسایی گۆڕان ڕایگەیاند، مەلا بەختیار تۆمەتی سوودمەندبوون لە داهاتی قاچاخچێتی داوەتە پاڵ گۆڕان، ئەوانیش سکاڵایان لەسەر تۆمار کردووەو با لە دادگا هەر بەشدارییەکی گۆڕان لەو بابەتە بسەلمێنێت.

ئەندامەکەی ژوری یاسایی گۆڕان وتیشی، سکاڵاکەیان لە سۆنگەی پەرۆشییانە بۆ سەروەریی یاساو پێدانی ڕۆڵ بە دادگاکان بۆ یەکلاکردنەوەی دۆسیەکانی گەندەڵی و بۆ ئەوەی ئەو بابەتانە تەنها لە سۆشیال میدیادا نەمێنێتەوە.

ئەو تۆمەتانەی مەلا بەختیار لە تۆمارێکی دەنگیدا بوو کە تێیدا باسی چەند بەرپرسێکی یەکێتی و بزووتنەوەی گۆڕان دەکات، تۆمارەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەوە.

ناوەڕاستی ئەم مانگە، وتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان ڕایگەیاند "لە چەند بۆنەیەک، بە هۆ و بێ هۆ، مەلا بەختیار، قسەی بێ بنەما؛ لەشێوەی تۆمەت هەڵبەستن و ناوزڕاندن ئاڕاستەی بزوتنەوەی گۆڕان دەکات. ئێمە دەزانین، برینەکانی ناوبراو لەناو یەکێتییە و بە قسەوتن بە گۆڕان تیمار نابێ، بەڵام لەگەڵئەوەشدا، ڕەفتارکردن لە بەرگی ئۆپۆزسیۆندا تەنها لەبەرئەوەی لە پەراوێزی بڕیارەکانی حیزبەکەتی، خەڵکی هۆشیاری کوردستان لێت وەرناگری، بەڵکو پێت دەڵێن کە ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی بوی بۆ ئەو قسانەت نەدەزانی! یان «لە کوێ بای بێت، لەوێ شەن دەکەی!»".

"ئێمە دوو پرس کە ناوبراو ڕایگەیاندووە، بە تەواوی ڕەتدەکەینەوە:1. بزوتنەوەی گۆڕان نە ملیۆنەری هەیە، نە کۆمپانیای بازرگانی، نە بەرژەوەندی ژێربەژێری بازرگانی. 2. گۆڕان هیچ کارئاسانیەکی بۆ دەستکەوتنی پارە لە خاڵە سنورییەکان بۆ نەکراوە" دلێر عەبدولخالق وای وت.

وتەبێژەکەی گۆڕان وتیشی "لەبەرئەوە، مەلا بەختیار لەبەردەم دوو بژاردەیە؛ یان سەلماندنی تۆمەتەکانی بۆ ڕایگشتی، یاخود سکاڵای یاسایی لەسەر تۆمار دەکەین، ئەوکاتە پێویستە لە دادگا ڕاستی قسەکانی بسەلمێنێ و ئەو خەڵکانە ئاشکرا بکات، کە بەناوی گۆڕانەوە خەریکی ساتوسەودای بازرگانین، ئەگەرنا چیتر ڕێگە بە مەلابەختیار و ئەمسالەکانی نادەین، بێ گومرگ قسە فڕێ بدەنە ئەو ژینگە سیاسییەی وێرانیان کرد".