دۆلار ژمارەیەكی پێوانەیی نوێی بەرانبەر دینار تۆمار كرد؛ عێراق بۆ چارەسەر ڕوو لە ئەمریكا دەكات

31-01-2023 04:39

پەرەگراف

هەوڵەكانی بانكی ناوەندیی عێراق بۆ جێگیركردنی بەهای دراو بەردەوامن، ئەمڕۆ لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق كۆبووەوە و لە ڕۆژانی داهاتووشدا دوو كۆبوونەوەی گرنگ لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی ئەمریكا ئەنجام دەدات، بەڵام تا ئێستا ئەنجامەكان پێچەوانە بوون و ئەمڕۆ بەهای دۆلار ژمارەیەكی دیكەی پێوانەیی لە بەرانبەر دینار تۆمار كرد.

ئەمڕۆ لە كاتی كردنەوەی بازاڕەكانی دراو لە عێراق و هەرێمی كوردستان، بەهای 100 دۆلار لە سەروو 167 هەزار دینارەوە دەستی پێ‌ كرد و لە ماوەی چەند كاتژمێرێكدا بۆ 169 هەزار دینار بەرز بووەوە كە ئەوە ژمارەیەكی پێوانەیی نوێیە.

هەر ئەمڕۆ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ عەلی عەلاق، پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراق كۆبووەوە، تێیدا تاوتوێی پرسی دابەزینی بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلار كراوە.

لە كۆبوونەوەكەدا پارێزگاری بانكی ناوەندی ئاشكرای كردووە كە ڕۆژی پێنجشەممە 2-2-2023، شاندی بانكی ناوەندیی عێراق لە توركیا لەگەڵ شاندی بانكی فیدراڵیی ئەمریكا و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا كۆدەبێتەوە.

كۆبوونەوەكە لە شاری ئیستەنبووڵ بەڕێوە دەچێت و تێیدا گفتوگۆ دەربارەی دابەزینی بەهای دیناری عێراقی لە بەرانبەر بە دۆلاری ئەمریكی و ڕێگەچارەكانی ئەو كێشەیە دەكرێت.

هەر سەبارەت بە ناجێگیریی بەهای دینار لە بەرانبەر دۆلار، پارێزگاری بانكی ناوەندی ڕایگەیاندووە كە شاندی بانكەكە لە ڕۆژانی 8 و 9ی مانگی شوبات سەردانی ئەمریكا دەكات و لەگەڵ بەرپرسانى پەیوەندیدارى ئەمریكا كۆدەبێتەوە.

دوای بەرزبوونەوەكەی ئەم بەیانییەی، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ بەهای 100 دۆلار بۆ 168 هەزار 250 دینار دابەزییەوە، بەڵام ئەم بەهایە هێشتا زۆر بەرزە و 20 هەزار دیناری لەو ئاستە زیاترە كە بانكی ناوەندیی عێراق هەوڵ دەدات دۆلاری تێدا جێگیر بكات.