پەرەگراف
محەمەد شیاع سودانی ڕایگەیاند، پارە ڕەوانەی هەرێمی كوردستان دەكرێت و لەوێوە بە قاچاخ دەبرێتە دەرەوە بۆ وڵاتانی دراوسێ و ئەو بابەتەی لەگەڵ مەسرور بارزانی باسکردووە بە مەبەستی ھەماھەنگیکردن لەسەر ئەو دۆسیەیە.
سەرۆكوەزیرانی عێراق لەدیدارێكدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی عێراق، باسی لە دابەزینی بەھای دینار بەرامبەر دۆلار کردو وتی"بەقاچاخبردنی دراو بۆ دەرەوە كێشەیەكی درێژخایەنەو چەند ساڵێكە هەیە".
سوودانی جەختی لە گەڕانەوەی بەھای دۆلار کردەوە بۆ نرخی فەرمیی و وتی، بەزبونەوەی دۆلار لەئەنجامی بڕیاری حكومەت و پەرلەمان و بانكی ناوەندی نەبووەو دۆلار دابین دەكەن بۆ بازرگانان و پیاوانی كار و ڕایاندەهێنن لەسەر بازرگانییەكی شەرعی.
سەرۆکوەزیران داوای لە خەڵک کرد دۆلار لە ماڵەوە ھەڵنەگرن، وتیشی "هاوڵاتیان دڵنیادەكەینەوە دینار بەهێزترەو دۆلار دەگێڕینەوە بۆ نرخی فەرمی خۆی".
هەوڵەكانی بانكی ناوەندیی عێراق بۆ جێگیركردنی بەهای دراو بەردەوامن، ئەمڕۆ لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق كۆبووەوە و لە ڕۆژانی داهاتووشدا دوو كۆبوونەوەی گرنگ لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی ئەمریكا ئەنجام دەدات، بەڵام تا ئێستا ئەنجامەكان پێچەوانە بوون و ئەمڕۆ بەهای دۆلار ژمارەیەكی دیكەی پێوانەیی لە بەرانبەر دینار تۆمار كرد.
ئەمڕۆ لە كاتی كردنەوەی بازاڕەكانی دراو لە عێراق و هەرێمی كوردستان، بەهای 100 دۆلار لە سەروو 167 هەزار دینارەوە دەستی پێ كرد و لە ماوەی چەند كاتژمێرێكدا بۆ 169 هەزار دینار بەرز بووەوە كە ئەوە ژمارەیەكی پێوانەیی نوێیە، پاشان لە دوای نیوەڕۆدا کەمێک بەھاکەی دابەزییەوە.