مەسرور بارزانی: دادگای فیدراڵی بەکاردەهێنرێت بۆ لێدان و تێکدانی هەر ڕێککەوتنێک لەگەڵ حکومەتی عێراق

01-02-2023 02:30

پەرەگراف

مەسرور بارزانی ڕایگەیاند، بەداخەوە دادگای باڵای ئیتیحادی بەکاردەهێنرێت بۆ لێدان و تێکدانی هەر ڕێککەوتنێک لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.

ئەو وتانەی سەرۆکی حکومەت لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیراندا بووە، قوباد تاڵەبانی و وەزیرەکانی یەکێتی بەردەوامن لە بایکۆت و بەشداریی کۆبوونەوەکەیان نەکرد.

ڕاگەیەندراوی مەسرور بارزانی لەبارەی کۆبوونەوەکە

ئەمڕۆ سەرپەرشتی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانمان کرد.

لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەداو بە بۆنەی ساڵیادی شەهیدانی یەکی شوبات، بەناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، بە ڕێز و پێزانینەوە، یادی شەهیدانی کارەساتی یەکی شوبات-مان کردەوە و پابەندبوونی خۆشمان بە بەردەوامبوون لە سەر ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و تیرۆریستان و هزری توندڕۆیی دووپات كردەوە.

لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، بەرنامەی دانوستانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ، لەلایەن سەرۆک و ئەندامانی شاندەکە خرایەڕوو، بە مەبەستی پەسەندکردنی لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە ، هەروەها ڕاسپاردنی شاندی دانوستانکار بۆ سەردانی بەغدا و دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەکان لە بەر ڕۆشنایی ئەم بەرنامە پەسەندکراوەدا.

وێڕای دووپاتکردنەوەی خواستی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بە شێوەیەکی بنەڕەتی و لە سەر بنەمای دەستوور و ڕێککەوتنی لایەنەکانی پێکهێنەری حکومەت و کارنامەی وەزاری کابینەی نوێی حکومەتی عێراق، ئاماژەمان بەوە دا کە ئەوەی لە سەر هەرێمی کوردستان و شاندی هەرێم بووە ئەنجامی داوە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن، بۆیە چاوەڕێی حکومەتی فیدراڵین پابەند بێت بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکان. گوتیشی بە داخەوە دادگای باڵای ئیتیحادی بەکاردەهێنرێت بۆ لێدان و تێکدانی هەر ڕێککەوتنێک لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان. هیوامان خواست پڕۆژە یاسای بودجەی 2023 بە زووترین کات پەسەند بکرێت و ماف و شایستە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستانیش دابین بکرێت.

بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە، بریتی بوو لە گفتوگۆکردن دەربارەی بابەتی کاخەزە داراییەکان لە هەرێمی کوردستان .

ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتەکانی دارایی و ئابووری، بازرگانی و پیشەسازی، شەهیدان و کاروباری ئەنفالکراوان و فەرمانگەی هەماهەنگیی و بەدواداچوونی ڕاسپارد،کە لە ماوەیەکی نزیکدا، سەرنج و تێبینی و ڕاسپاردەکانیان سەبارەت بەم بابەتە، لە چوارچێوەی ڕاپۆرتێکدا ئامادە بکەن، بۆ ئەوەی لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری پێویستی لەبارەوە بدرێت.

لە بڕگەی سێیەمدا، چارەسەرکردنی کێشەی دەستەبەری بانکی ( خطاب ضمان) ی پڕۆژە وەستاوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرا و گفتوگۆی پێویستی لە بارەوە کراو لەم ڕووەوە، چەندین پێشنیاز و ڕاسپاردە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە خرانەڕوو و پەسەند کران.