نووسینگەی سوودانی: زیاتر لە ٨٠ ملیۆن دۆلار لە پارە دزراوەکانی عێراق لە دەرەوەی وڵاتەوە گەڕێندرایەوە

01-02-2023 02:49

پەرەگراف

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، بەپێی بەرنامەو هەوڵەکانی حکومەت بۆ گەڕاندنەوەی ئەو پارانەی عێراق کە براونەتە دەرەوەی وڵات، لایەنە پەیوەندیدارەکان توانییان بڕی زیاتر لە ٨٠ ملیۆن دۆلار لەو پارە دزراوانە بگەڕێننەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت.

نووسینگەی محەمەد شیاع سوودانی هیچ زانیارییەکی دیکەی لەبارەی ئەو بڕە پارەیەو بردنەدەرەوەی و ئەو وڵاتەی لێوەی گەڕێندراوەتەوە ئاشکرا نەکردووە.

پێشتریش دادگاى تایبەت بە دۆسیەکانی دەسپاکی گەڕاندنەوەی بەشێک لە پارە دزراوەکەی دەستەی گشتی باجی عێراقی ڕاگەیاند کە تائێستا 317 ملیار و 535 ملیۆن و 536 هەزار و 252 دینار گەڕێندراوەتەوە.

دزرانی ئەو پارەیە کە ٢ ملیارو ٥٠٠ ملیۆن دۆلار بوو بە 'دزیی سەدە' ناونرا، کاردانەوەی فراوانی لێکەوتەوەو پێشتر ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى عێراق ڕایگەیاند، ئەو پارەیە دراوەتە پێنج کۆمپانیا بەبێ ئەوەى شایستەى وەرگرتنى بن، لەسەر ئەو دۆسیەیەش دادگاى کەرخ بڕیاریداوە ژمارەیەک بەرپرسى دەستەى گشتیى باج ڕاپێچى دادگا بکات کە بریتین لە، بەڕێوەبەرى گشتیى دەستەى گشتیى باج و یاریدەدەرەکەى و سەرپەرشتیارى هۆبەى دارایی و چاودێرى و بریکارى هۆبەى دارایی و بەڕێوەبەرى هۆبەى دارایی دەستەکە.