دەربەندیخانییەكان مانگرتنیان دەست پێ‌ كرد و ژمارەرەك داواكارییان ئاراستەی دەسەڵات كرد

01-02-2023 08:17
خۆپیشاندەرانی دەربەندیخان ئەمڕۆ نانی ئێوارەیان لەسەر شەقام خوارد.

پەرەگراف

چالاكان و هاووڵاتیانی دەربەندیخان ناڕەزایەتییان بە شێوەی "مانگرتنی بەردەوام" دەست پێ‌ كرد و ژمارەیەك داواكارییان ئاراستەی دەسەڵات كرد و دەڵێن "تا وەڵاممان نەدرێتەوە بە شێوەیەكی ئاشتییانە لە مانگرتن بەردەوام دەبین".

ئەمڕۆ لە یەكەم ڕۆژی مانگرتنەكەدا ژمارەیەك چالاكی بەڕێوەچوون و چالاكان و بەشێك لە هاووڵاتیانی دەربەندیخانیش ئێوارە هەر لە شوێنی مانگرتنەكە خواردنیان دروست كرد و نانیان خوارد.

دەستەی چالاكاوانانی سەربەخۆی دەربەندیخان كە مانگرتنەكەی ڕێكخستووە، لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند "دەسەڵات تا ئێستا بەڵێنەكانی نەبردووەتە سەر، بۆیە دێینەوە سەر شەقام و بێدەنگ نابین تا چارەسەری پێویست بەدی دێت".

دەستەكە ژمارەیەك داوكاریی خستە ڕوو كە دیارترینیان بریتییە لە "تەواوكردنی پرۆژەی پاڵاوتنی ئاوی خواردنەوە، كە زیاتر لە نیوەی تەواو كراوە و كۆمپانیانی جێبەجێكار بە بیانووی نەبوونی پارە جێی هێڵاوە".

داواكارییەكی دیكەی دەستەی چالاكاوانانی سەربەخۆی دەربەندیخان، زیادكردنی كارەبای نیشتمانییە و دەڵێت "بە هەموو شێوەیەك پێوەری زیرەك ڕەت دەكەینەوە".

هەروەها دەستەكە داوای "لابردنی پێوەری ئاو"ی كردووە "تا ئەو كاتەی پرۆژەی پاڵاوتنی ئاوی خواردنەوە تەواو دەكرێت".