ئەمڕۆ شەپۆلی باران و بەفربارین كۆتایی دێت و بەزوویی شەپۆلێكی دیكە دێت

02-02-2023 12:46

پەرەگراف

بەپێی پێشبینییەكانی كەشناسیی هەرێم، ئەمڕۆ شەپۆلی باران و بەفربارین كۆتایی دێت، بەڵام سەرەتای هەفتەی داهاتوو شەپۆلێكی دیكە ڕوو لە ناوچەكە دەكاتەوە. لە 24 كاتژمێری ڕابردوویشدا زۆرترین بڕی باران لە مێرگەسوور باریوە كە 73 ملیمەترە.

كەشناسیی هەرێم دەڵێت "كاریگەریی ئەو شەپۆلەی ڕووی لە ناوچەكەمان كردووە، لە كاتەكانی ئێوارەی ئەمڕۆدا كۆتایی دێت و ڕۆژی هەینی ئاسمانی هەرێم بە گشتی نیمچەهەورە، بەڵام ئەگەری بارینی بەفرێكی كەم لەسەر ناوچە شاخاوییە سنوورییەكان هەیە".

كەشناسیی هەرێم پێشبینیی كردووە كە ڕۆژی شەممە كاریگەریی شەپۆلێكی تری باران و بەفربارین ڕوو لە ناوچەكەمان بكاتەوە و دەڵێت "لە كاتی نزیكبوونەوەی ئەم شەپۆلە زانیاریی زیاتر بڵاو دەكەینەوە".

بەرزترین پلەكانی گەرمای پێشبینیكراو بۆ ڕۆژی هەینی بەم شێوەیەن "هەولێر: 12 پلە، سلێمانی: 10 پلەی، دهۆك: 9 پلە، كەركووك: 15 پلە، هەڵەبجە: 11 پلە، زاخۆ: 11 پلە، سۆران: 5 پلە، گەرمیان: 17 پلە".

كەشناسی بڕی بارانبارینی لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا بڵاو كردووەتەوە (لە كاتژمێر 9ی بەیانیی دوێنێ‌ تا كاتژمێر 9ی بەیانیی ئەمڕۆ 2-2-2023)، زۆرترین بڕی باران لە مێرگەسوور بووە كە 73 ملم لە 24 كاتژمێردا، پاشان بەرزنجە بە 51.8 ملم و سەرسەنگ بە 43 ملم دێت.

بڕی بارانبارین لەو شوێنانەی زۆرترین بارانیان لێ‌ باریوە:

مێرگەسوور: 71 ملم
بەرزنجە: 51.8 ملم
سەرسەنگ: 43 ملم
چمانكی: 41 ملم
دێرەلووك: 40 ملم
زاوێتە: 37 ملم
بارزان: 34.6 ملم
ئامێدی: 34.4 ملم
بجیل: 27 ملم
پێنجوێن: 23.5 ملم
بامەڕنی: 23 ملم
هەڵشۆ: 22.4 ملم
دهۆك: 22.2 ملم
سۆران: 21.8 ملم
شەقڵاوە: 20.5 ملم
هیران: 20 ملم
مانگێش: 19.8 ملم
یاخسەمەر: 19.6 ملم
ئاكرێ‌: 19.2 ملم
زاخۆ: 18.5 ملم
چوارتا: 17.5 ملم
پیرمام: 16.9 ملم
قڕگە: 13.5 ملم