یەکێتی کۆبوونەوەی لەگەڵ پارتی هەڵوەشاندەوە؛ پەیوەندی بە بڕیارێکەوە هەیە کە لەبەرژەوەندی لاهور شێخ جەنگییە
پەرەگراف
یەکێتی کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکەی شەممەی داهاتووی لەگەڵ پارتی هەڵوەشاندەوە پەیامێکی تووندو نیگەرانیی بەو حیزبە گەیاند، بڕیارێکی دادگای هەولێر کە لەبەرژەوەندیی لاهور شێخ جەنگییە لە دژی بافڵ تاڵەبانی، یەکێتی نیگەران کردووە، ھەرچەندە پارێزەرانی بافڵ تاڵەبانی دەڵێن، "ھەموو سکاڵاکان لەبەرژەوەندیی ئەوان یەکلابووەتەوە".
سەرچاوەیەکی باڵای یەکێتی نیگەرانییەکانی حیزبەکەی بۆ پەرەگراف ئاشکرا کردو وتی "پارتی بە پشتیوانیکردن لە لاهور شێخ جەنگی دەستی خستووەتە ناوخۆی یەکێتی و دۆخی سلێمانی و دەیەوێت گرژیی دروست بکات، پەیاممان بۆ ناردوون ناچینە کۆبوونەوە لەگەڵیان تا بەو سیاسەتەی خۆیاندا دەچنەوە".
پەرەگراف زانیویەتی، لەو پەیامەی یەکێتی بۆ پارتی ناردووە، بە تەنزەوە پێیانگوتراوە "بڕۆن لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی کۆببنەوە".
ئەو دۆخە نوێیەی نێوان پارتی و یەکێتی، دوای ئەوەدێت لاهور شێخ جەنگی بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ گەڕانەوەی بۆ ناو یەکێتی و پیادەکردنی دەسەڵاتەکانی هاوسەرۆکی ئەو حیزبە، بۆ ئەو مەبەستەش دادگای ئاسایشی هەولێر لە بەرژەوەندیی لاهور شێخ جەنگی بڕیاریدا.
دادگا ئاسایشی هەولێر لە ١-٢-٢٠٢٣ نووسراوێکی ئاڕاستەی فەرمانگەی حیزبەکان لە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق کردووەو تێیدا ئەوەی خستووەتەڕوو، یەكێتی لەلایەن دوو هاوسەرۆكەوە بەڕێوە دەبرێت ئەوانیش هاوسەرۆك (بافڵ جەلال حسامەدین) و هاوسەرۆك ( لاهور جەنگی بورهان)ن.
ئەو نووسراوەی دادگای هەولێر دوو ڕۆژ دوای ئەوە دێت کە فەرمانگەی حیزبەکان لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق، بڕیاریدا بە ڕەتکردنەوە سکاڵایەکی لاهور شێخ جەنگی و ڕایگەیاند، گۆڕانكارییەكانی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتیی دروستن بە هەڵوەشاندنەوەی سیستمی (هاوسەرۆكایەتیی)شەوە.
ئێستا لاهور شێخ جەنگی بڕیارەکەی دادگای هەولێری بەدەستەوەیەو لەڕێیەوە تانە لە بڕیارەکەی فەرمانگەی حیزبەکانی کۆمسیۆن دەدات، بە ئامانجی گەڕانەوەی دەسەڵاتی هاوسەرۆکی لەناو یەکێتی.
یەکێتی پێیوایە، بڕیارەکەی دادگای هەولێر "بەدەستوەردانی پارتی دەرکراوە"، بەڵام سەرچاوەیەک لە پارتی ئەوە ڕەتدەکاتەوە.
بەرپرسێکی پارتی کە داوایکرد ناوی نەهێنرێت بە پەرەگرافی وت "بڕیاری دادگا هیچ پەیوەندیی بە پارتییەوە نییەو ئەوەی یەکێتی دەیڵێت تەنها بیانووە، ئێمە دەستوەردانمان لەو بابەتەو کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی نەکردووە".
ھاوکات لە روونکردنەوەیەکدا تیمی پارێزەرانی بافڵ تاڵەبانی، دەڵێن، "بەهەموو لایەکی رادەگەیەنین کە؛ هەموو سکاڵاکان لەبەرژەوەندی سەرۆک بافڵ کۆتایی پێ هاتووە و لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقیش پەسەند کراوە. کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق هەمواری پەیڕەوی ناوخۆیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیانی پەسەند کردووە، کە تیایدا؛ پەیڕەوی بەڕێوەبردنی یەکێتی گۆڕیوە لەسیستەمی هاوسەرۆکییەوە بۆ سیستەمی سەرۆکی".
"هەروەها ئەو سکاڵایەی کە باس دەکرێت لە دادگای لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر؛ ئەو داوایە لە تایبەتمەندی ئەو دادگا بەڕێزە نیەو ئەونوسراوەی بڵاو کراوەتەوە تەنیا رونکردنەوەیە نەک بڕیاری دادگا، بۆ زانیاری هەموو لایەکیش؛ جارێکی تر بڕیار لەو داوایە نادرێت بەهۆکاری ئەوەی پێشتر ئەم داوایە حسم بووە و پلەی کۆتایی وەرگرتوە" پارێزەرانی بافڵ تاڵەبانی وادەڵێن.
دەشڵێن "ئینجا بەپێی بڕیاری دادگای تایبەتمەند، لاهور جەنگی نەک تەنها پۆستی نییە لەناو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا، بەڵکو یەکێکە لەدەرکراوەکان بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی سەرکردایەتی".
سەرەتای ئەم هەفتەیە پارتی و یەکێتی یەکەم کۆبوونەوەی دوای زیاتر لە ٣ مانگ گرژیی و ناکۆکی نێوانیان ئەنجامداو ڕایانگەیاند، بارودۆخی گشتی و هاوکێشە ناوخۆیی و ناوچەییەکان و راوسەرنج و تێبینی هەردوولا لەسەر بابەتە جیاجیاکانی پەیوەست بە ڕێککەوتنی پێشووتری هەردوولا خرانە ڕوو.
"لەکۆتاییدا هەردوولا رێککەوتن لەدەرفەتێکی نزیکدا کۆبوونەوەی دیکەی هەردووشاند ئەنجام بدرێت" ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکەیان وای وت.