قوباد تاڵەبانی: لەسەر دۆسیەی هاوکار جاف چاوەڕێی پێکهێنانی لیژنەی ھاوبەشین بە پشتیوانیی لایەنی نێودەوڵەتی

02-02-2023 07:05
کۆبوونەوەی قوباد تاڵەبانی و باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق.

پەرەگراف

قوباد تاڵەبانی ڕایگەیاند، یەکێتی هەر لە رۆژی یەکەمەوە لەسەر دۆسیەی شەهیدکردنی هاوکار جاف داوای پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی هاوبەشی کردووە.

"ئێستاش چاوەڕێی پێکهێنانی ئەم لیژنەیەین بە پشتیوانیی لایەنی نێودەوڵەتی تا راستییەکان وەک خۆی بۆ رای گشتی ئاشکرا بکرێت" جێگری سەرۆکوەزیران وادەڵێت.

ئەو وتانەی قوباد تاڵەبانی لە کۆبوونەوەیدا بووە لەگەڵ باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق، دەشڵێت "باسمان لەوە کرد کە؛ داواکاری سەرەکیهاوڵاتیان باشترکردنی دۆخی خزمەتگوزارییەکانە، هەربۆیە ئەولەوییەتی ئێمەش دابینکردنی بودجەیە تا بتوانین پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان جێبەجێ بکەین. لەم چوارچێوەیەشدا تەنها بژاردەی بەردەممان رێککەوتنی گشتگیر و درێژخایەنە لەگەڵ بەغدا".

لەدوای کوژرانی هاوکار جاف بە بۆمبی چێندراو لە هەولێر، پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی گەیشتە ئەو پەڕی گرژیی، ئەوەش دوای ئەوەی ئەنجومەنی ئاسایش پەنجەی تۆمەتی بۆ بەرپرسانی دژەتیرۆری یەکێتی ڕاکێشا کە لە پشت ئەو ڕووداوەوە بن.

لەگەڵ دۆسیەی هاوکار جافدا، دۆسیەی ئەژی ئەمین کە یەکێتی لە حیزبەکەی دووریخستووەتەوەو پارتی لە هەولێر بایەخی تایبەتی پێداوە، بەشێکی دیکەن لە کێشەکانی نێوان ئەو دوو حیزبە.