وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا و بانکی ناوەندی عێراق کۆبوونەوە

03-02-2023 10:07

پەرەگراف

بانکی ناوەندی عێراق و وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا لە تورکیا کۆبوونەوە، ھەردوولا ھەماھەنگیی نێوانیان تاوتوێکرد بە مەبەستی سەقامگیرکردنی نرخی دۆلار لە عێراق.

لە دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ خەزێنەی ئەمریکا، بانکی ناوەندیی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو تێیدا دەڵێت، وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکاجەختی لە پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ سەقامگیری ئابووری عێراق کردەوە.

"وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا نەرمی دەنوێنێت بۆ ئامادەیی لە گەیشتن بە ئامانجە هاوبەشەکاندا" بانکی ناوەندیی عێراق وادەڵێت.

ئەوەش دەخاتەڕوو، ڕێککەوتن لەسەر بەردەوامبوونی هەماهەنگی و هاوکاری لە رێی ئەو کۆبوونەوانەی کە بڕیارە پێش ناوەڕاستی ئەم مانگە لە واشنتۆن بەڕێوەبچێت.

ماوەی دوو مانگە بازاڕی دراوی عێراق ناسەقامگیرەو بەھای دۆلار ژمارەی پێوانەیی لە مێژووی خۆیدا تۆمارکردو ١٠٠ دۆلار گەیشتە سەرووی ١٧٥ ھەزار دینار.

ئەمەریکا ھۆشداریی بە عێراق داوە کە دۆلار دەبرێتە دەرەوە بۆ وڵاتانی دراوسێ، ھەربۆیە ڕێکاری نوێی داناوە بۆ مامەڵەو حەواڵەکردنی دۆلار، ئەوەش کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر بازاڕی دراو ھەبووە.

ئێوارەی ڕابردووش جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا بە تەلەفۆن لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق گفتوگۆیان له‌باره‌ی پلانی ئابووری عێراق كردو‌ ئه‌مریكا ئاماده‌یی ده‌ربڕیوه‌ پشتگیری له‌و پلانه‌ بكات.

ھاوکات بڕیارە ٨ی ئەم مانگە شاندێک لە عێراقەوە سەردانی واشنتن بکات بۆ تاوتوێکردنی دۆخی ئابوری و بەھای دۆلار.