ڕاوێژكارێكی سوودانی: كۆبوونەوەی نێوان بانكی ناوەندی و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا سەركەوتوو بووە

04-02-2023 02:05

پەرەگراف

ڕاوێژكارێكی سەرۆكوەزیرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا دۆخی ئاڵوگۆڕی دراو لە ئاستی ئاسایی خۆیدا جێگیر دەبێتەوە و بەهای دۆلار بەرانبەر دینار دەگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی.

فادی شەمەری، ڕاوێژكاری محەمەد شیاع سوودانی سەرۆكوەزیرانی عێراق، لە تویتێكدا دەڵێت "بانكی ناوەندیی عێراق ژمارەیەك ڕێكاری نوێی ڕاگەیاندووە كە كاریگەریی گەورەی لەسەر دابەزینی بەهای دۆلار دەبێت، ئەمە وێڕای ڕێكارە تووندە ئەمنییەكان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەوانەی دۆلار بە قاچاخ دەبەنە دەرەوە و یاری بە نرخەكەی دەكەن".

فادی شەمەری، كۆبوونەوەی ئیستەنبووڵی نێوان بانكی ناوەندیی عێراق و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكای بە "سەركەوتوو" وەسف كردووە ، دەشڵێت "بۆ گەندەڵكاران و ئەوانەی یاری بە نرخ دەكەن، لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا بەهای دراو دەگەڕێتەوە نرخی سرووشتیی خۆی".

ئێوارەی دوێنێ ٣-٢-٢٠٢٣، شاندی بانكی ناوەندیی عێراق بە سەرۆكایەتیی عەلی موحسین ئیسماعیل، پارێزگاری بانكی ناوەندی، لە شاری ئیستەنبووڵی توركیا لەگەڵ براین نیلسن، یاریدەدەری وەزیری گەنجینەی ئەمریكا و شاندی وەزارەتەكە كۆبووەوە". بانكی ناوەندیی عێراق لە ڕاگەیەندراوێكدا لەبارەی ناوەرۆكی كۆبوونەوەكە دەڵێت "تاوتوێی هاریكاری و هەماهەنگیی نێوان هەردوولا كرا لەپێناو بەدەستهێنانی سەقامگیریی لە ئاڵوگۆڕی دراو لە عێراق و میكانیزمە پەیوەندیدارەكانی".

دوای ئەو كۆبوونەوە، شەوی ڕابردوو بەهای ١٠٠ دۆلار ١٠ هەزار دینار دابەزی و تا ١٦٢ هەزار دینار هاتە خوارەوە.

لە ئێستادا (كاتژمێر دووی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ) بەهای ١٠٠ دۆلار ١٦٤ هەزار دینارە، لە كاتێكدا ڕۆژی پێنجشەمەی ڕابردوو گەیشتە ١٧٥ هەزار دینار.