پەرەگراف
ئەو لیژنەیەی كە حكومەتی هەرێم بۆ پێداچوونەوە بە ڕاگرتنی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران پێكی هێناوە، لە یەكەم هەنگاویدا "حەوت هەزار و ١٩٦" دۆسیەی فەرمانبەرانی لە 32 دامەزراوەی دەسەڵاتەكانی دادوەری و یاسادانان و جێبەجێكردندا دیاری كردووە كە "پلەی زیادەیان بۆ بەستراوە".
فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕایگەیاند "لەسەر داوای سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، لیژنەیەك بۆ دەستنیشانكردنی گرفتەكانی جێبەجێكردنی ڕێنمایی دارایی ژمارە ١٢ـی تایبەت بە پێداچوونەوەی ڕاگرتنی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران و هەژماركردنی خزمەتیان لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی، پێك هێنرا".
لیژنەكە لە یەكەم هەنگاویدا، تیمەكانی دیوانی چاودێریی دارایی و دەستەی دەستپاكی و لیژنەیەكی تایبەت لە وەزارەتی دارایی و ئابووری بۆ پرسی میلاكات ڕاسپاردووە بە مەبەستی پێداچوونەوە و وردبینی بە دۆسیەی فەرمانبەران.
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكومەتی هەرێم دەڵێت "لە كۆی ٣٢ دامەزراوەی هەر سێ دەسەڵاتی «دادوەری و یاسادانان و جێبەجێكردن»، پێداچوونەوە بە ٣٦٥ هەزار و ٤٥٢ دۆسیە كراوە".
"حەوت هەزار و ١٩٦ دۆسیە پلەی زیادەیان بۆ بەسترا بوو، ١٥ هەزار و ٦١٤ دۆسیەشیان زیادە مووچەیان هەبوو، كە كۆی جیاوازیی مووچەكەیان دەكاتە ملیارێك و ٣٦٠ ملیۆن و ٨٠٨ هەزار دینار"، فەرمانگەكە وا دەڵێت.
هەر لەو چوارچێوەیەدا و بۆ یەكخستنەوەی دۆسیەی كەسیی ئەفسەر، پلەدار و پێشمەرگە، تا ئێستا لە كۆی "٦٠ هەزار و ١٦ دۆسیە، ٤١ هەزار و ٩٨٢ دۆسیە بۆ پێداچوونەوە ئامادە كراون و بڕیار وایە بە زوویی دۆسیە نایاساییەكانیان لە ڕووی پلەبەرزكردنەوە و زیادە مووچە، دەستنیشان بكرێن".
ماوەی چەند ساڵێكە حكومەتی هەرێم بە بڕیارێك كە پەرلەمانتاران بە "نایاسایی" ناو دەبەن، پلەبەرزكردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ڕاگرتووە. سەرەتا پاساوی بڕیارەكە قەیرانی دارایی بوو، بەڵام لە ئێستادا كە حكومەت دەیەوێت بەپێی یاسای چاكسازی پلەبەرزكردنەوە دەست پێ بكاتەوە، پرۆسەكە زۆر بە هێواشی بەڕێوە دەچێت.