پەرەگراف
سەرۆكی پەرلەمانی عێراق دڵنیایى دەدات کە "دۆخی دارایی جێگای ترس و دڵەڕاوكێ نییە" و ڕایدەگەیەنێت "نرخی دراو دەگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی".
محەمەد حەلبووسی لە تویتێكدا دەڵێت "بەهۆی ئاماژە ئەرێنییەكانی ئابووریی عێراق و ئەو دراوە یەدەگەی كە عێراق هەیەتی و زۆریى داهات كە گەیشتووەتە بەرزترین ئاست بەراورد بە چەند ساڵی ڕابردوو، دۆخی دارایی پێویست بە ترس و دڵەڕاوكێ ناكات".
سەرۆكی پەرلەمانی عێراق جەخت دەكاتەوە كە "نرخی دراو دەگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی"، ئەویش بە "ڕێكارەكانی بانكی ناوەندی و ڕێگریكردنی حكومەت لە یاركردن بە نرخی دراو و بردنە دەرەوەی و هەوڵەكانی بۆ جێگیركردنی نرخەكەی و پارێزگاری كردن لە هاوسەنگییەكەی".
"ئەمە یەكەم جار نییە كە بەهۆی ڕێكاری یاسایی و ڕێكخستنی بانكی ناوەندییەوە نرخی دراو گۆڕانكاریی بەسەردا دێت، ئەوەش بەپێی داواكاریی نێودەوڵەتی و سیاسەتی نەختینەیی كە ئامانج لێی ڕێكخستنی جووڵەی دراوی بیانی و ڕێگری لە بردنە دەرەوەیەتی بە قاچاخ"، محەمەد حەلبووسی وا دەڵێت.
شەوی ڕابردوو بەهای 100 دۆلار بەراورد بە بەرزترین ئاستی ڕۆژانی ڕابردوو زیاتر لە 10 هەزار دینار دابەزی و ئەمڕۆیش بەهای 100 دۆلار لە بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراوی هەرێمی دوردستان 164 هەزار دینار بوو، لە كاتێكدا ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو بەهاكەی گەیشتە 175 هەزار دینار.
دابەزینی بەهی دۆلار پاش كۆبوونەوەی شاندی بانكی ناوەندیی عێراق و شاندنی وەزارەتی خەزێنەی ئەمریكا هات لە شاری ئیستەنبووڵی توركیا. پاش كۆبوونەوەكە بانكی ناوەندیی عێراق ڕایگەیاند كە وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا جەختی لە پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ سەقامگیریی ئابووریی عێراق کردووەتەوە.
ئەمڕۆیش فادی شەمەری، ڕاوێژكاری محەمەد شیاع سوودانی سەرۆكوەزیرانی عێراق، جەختی كردەوە كە لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا دۆخی ئاڵوگۆڕی دراو لە ئاستی ئاسایی خۆیدا جێگیر دەبێتەوە و بەهای دۆلار بەرانبەر دینار دەگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی.
* ڕاوێژكارێكی سوودانی: كۆبوونەوەی نێوان بانكی ناوەندی و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا سەركەوتوو بووە
* وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا و بانکی ناوەندی عێراق کۆبوونەوە
* لە دیالە دەست بەسەر یەک ملیۆن دۆلاردا گیرا؛ ئامادەکرابوو بە قاچاخ ببرێتە دەرەوە