پەرەگراف
پاش دوو هەفتە لە بێسەروشوێنبوونی ئەیوب ئەحمەدی تەمەن 13 ساڵ، تەرمەكەی لە سنووری ناحیەی كەسنەزانی سەر بە پارێزگای هەولێر دۆزرایەوە. باوكی ئەیوب پاش بینینی تەرمەكە، پشتڕاستی كردەوە كە ئەو تەرمە كوڕەكەی ئەوە.
ئەیوب ئەحمەد دوو هەفتە لەمەوبەر و لە ڕۆژی ٢٤-١-٢٠٢٣ پاش چوونە دەرەوە لە ماڵ لە گەڕەكی قەرەبووی ناحیەی كەسنەزان، بێسەروشوێن بوو، لەو كاتەوە كەسوكاری و لایەنە پەیوەندیدارەكان تا ئەمڕۆ بەدوایدا دەگەڕان.
تەرمەكە لەناو چاڵێكی ئاو لە كۆتایی بەشی تەواوكراوی شەقامی 150 مەتریی هەلێر دۆزراوەتەوە. شایەتحاڵێك وتی "تەرمەكەم بینی بەسەر ئاوەكەوە بوو".
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، سەبارەت بە دۆزینەوەی تەرمەكە بۆ میدیاكان وتی "نیوەڕۆی ئەمڕۆ هاووڵاتییەك لە نزیك شووشتنگەیەكی ئۆتۆمبێل تەرمەكەی بینيوە و پەیوەندیی بە پۆلیسەوە كردووە".
باوكی ئەیوبیش خۆی بۆ میدیاكان دوا و پشتڕاستی كردەوە كە ئەو تەرمەی بینیویەتی، كوڕەكەی بووە.
پارێزگاری هەولێر جەختیشی كردەوە كە "ڕووداوەكە تەنیا قەزاوقەدەر بووە و هیچ هۆكارێكی دیكەی لە پشتەوە نەبووە". وتیشی "منداڵەكە نەخۆشیی پەركەمی هەبووە و ئەو بنەماڵە هیچ كێشەیەكی كۆمەڵایەتی و گرفتی دیكەیان نەبووە".