تەرمی ئەیوب ئەحمەدی تەمەن 13 ساڵ دۆزرایەوە

05-02-2023 03:28

پەرەگراف

پاش دوو هەفتە لە بێسەروشوێنبوونی ئەیوب ئەحمەدی تەمەن 13 ساڵ، ‏تەرمەكەی لە سنووری ناحیەی كەسنەزانی سەر بە پارێزگای هەولێر ‏دۆزرایەوە. باوكی ئەیوب پاش بینینی تەرمەكە، پشتڕاستی كردەوە كە ئەو ‏تەرمە كوڕەكەی ئەوە.‏

ئەیوب ئەحمەد دوو هەفتە لەمەوبەر و لە ڕۆژی ٢٤-١-٢٠٢٣ پاش چوونە ‏دەرەوە لە ماڵ لە گەڕەكی قەرەبووی ناحیەی كەسنەزان، بێسەروشوێن بوو، لەو كاتەوە كەسوكاری ‏و لایەنە پەیوەندیدارەكان تا ئەمڕۆ بەدوایدا دەگەڕان.‏

تەرمەكە لەناو چاڵێكی ئاو لە كۆتایی بەشی تەواوكراوی شەقامی 150 مەتریی ‏هەلێر دۆزراوەتەوە. شایەتحاڵێك وتی "تەرمەكەم بینی بەسەر ئاوەكەوە بوو".‏

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، سەبارەت بە دۆزینەوەی تەرمەكە بۆ ‏میدیاكان وتی "نیوەڕۆی ئەمڕۆ هاووڵاتییەك لە نزیك شووشتنگەیەكی ‏ئۆتۆمبێل تەرمەكەی بینيوە و پەیوەندیی بە پۆلیسەوە كردووە".‏

باوكی ئەیوبیش خۆی بۆ میدیاكان دوا و پشتڕاستی كردەوە كە ئەو تەرمەی ‏بینیویەتی، كوڕەكەی بووە.‏

پارێزگاری هەولێر جەختیشی كردەوە كە "ڕووداوەكە تەنیا قەزاوقەدەر بووە و ‏هیچ هۆكارێكی دیكەی لە پشتەوە نەبووە". وتیشی "منداڵەكە نەخۆشیی ‏پەركەمی هەبووە و ئەو بنەماڵە هیچ كێشەیەكی كۆمەڵایەتی و گرفتی دیكەیان ‏نەبووە".‏