بومەلەرزەیەكی بەهێز توركیا و سووریای هەژاند؛ سەدان كەس گیانیان لەدەست داوە

06-02-2023 11:14

پەرەگراف

بومەلەرزەیەكی بەهێز باكووری كوردستان و توركیا و ڕۆژئاوای كوردستان و سووریای هەژاند، بەپێی دوایین ئامارەكان لە ‏توركیا 284 كەس و لە سووریا 245 كەس گیانیان لەدەست داوە. بومەلەرزەكە لە هەرێمی كوردستانیش هەستی پێ‌ كراوە ‏و زیانێكی كەمی ماددی هەبووە.‏

وەزارەتی تەندروستیی سووریا دەڵێت "بەهۆی بومەلەرزەكەوە 245 كەس گیانیان لەدەست داوە و 639 كەس بریندار ‏بوون". تەنیا لە شاری عەفرینی ڕۆژئاوای كوردستان نزیكەی 50 كەس ڕۆژئاوای كوردستان گیانیان لەدەست داوە.‏

لە توركیا و باكووری كوردستان دوو هەزار و 323 كەس بریندار بوون و زیاتر لە هەزار و 700 باڵەخانە و یەكەی ‏نیشتەجێبوون داڕماون.‏

چەقی بومەلەرزەكە شاری مەڕەش لە باكووری كوردستان بووە. توركیا دەڵێت "گوڕی بومەلەرزەكە 7.4 پلەی ڕێكختەر ‏بووە"، بەڵام ئەمریكا دەڵێت "گوڕەكەی 7.8 پلەی ڕێختەر بووە".‏

بومەلەرزەكە زیانی گەورەی بە 10 پارێزگای باكووری كوردستان و توركیا گەیاندووە، بە تایبەتیش پێنج پارێزگای ‏ئامەد، ئەدەنە، غازی عەنتاب، عوسمانییە و ماڵاتیا زیانی گیانی و ماددیی گەورەیان پێ‌ گەیشتووە. سەدان كەس بەهۆی ‏بومەلەرزەكەوە بریندار بوون و دەیان باڵەخانە و خانوو ڕووخاون.‏

لە سووریا و ڕۆژئاوای كوردستانیش بە تایبەت لە پارێزگاكانی حەلەب، ئیدلب، لازقییە و حەما زیانی گیانی و ماددیی ‏گەورە كەوتووەتەوە. هەروەها لە عێراق، سووریا، یۆنان، فەڵەستین، لوبنان و میسر هەستی پێ كراوە.‏

توركیا بەهۆی بومەلەرزەكەوە باری لەناكاوی بۆ پلەی چوار بەرزكردەوە كە داواكردنی هاوكاریی نێودەوڵەتی لەخۆ ‏دەگرێت.‏
پاش بومەلەرزەی یەكەم، 22 پاشلەرزەی دیكە لە ناوچەكە ڕوویان داوە كە بەشێكیان گەیشتوونەتە شەش پلەیڕێختەر.‏