گیانلەدەستدان بە بومەلەرزە لە توركیا و سووریا 2500 كەسی تێپەڕاند

06-02-2023 08:36

پەرەگراف

ئاماری قوربانیانی بومەلەرزە لە توركیا و سووریا لە هەڵكشانی بەردەوامدایە، تا ئێستا ‏زیاتر لە هەزار و 600 كەس لە توركیا و زیاتر لە هەزار كەس لە سووریا گیانیان لەدەست ‏داوە. زۆرترین قوربانی و زیان لە باكوور و ڕۆژئاوای كوردستان كەوتووەتەوە.‏

لە دەیان وڵاتەوە تیمی فریاگوزاری ڕەوانەی ناوچە كارەساتبارەكان بە تایبەت لە باكووری ‏كوردستان كراون، لەناویشیاندا تیمی هەرێمی كوردستان و عێراق هەن.‏

ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆیی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا وتی "لەلایەن توركیاوە ‏داوا لە هەرێمی كوردستان كراوە تیمی تەندروستی و جەی سی سی بۆ هاوكاریكردنی لێقەوماوان و ڕزگاركردنی ئەو ‏كەسانەی كە لەژێر داروپەردوو ماونەتەوە، ڕەوانەی ئەو وڵاتە بكەین".‏

بەپێی ئاماری فەرمیی توركیا، تا ئێستا لەو وڵاتە هەزار و 651 كەس گیانیان لەدەست ‏داوە، 11 هەزار و 119 كەس بریندار بوون، سێ‌ هەزار و 471 خانوو و باڵەخانەیش ‏داڕووخاون.‏

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیا، بەهۆی بوومەلەرزەكانەوە لە وڵاتەكەی، بۆ ماوەی حەوت ڕۆژ ماتەمینیی ‏سەرانسەریی لە وڵاتەكەی ڕاگەیاند.‏

لە سووریاش ئاماری جیاواز سەبارەت بە زیانە گیانی و ماددیەكان بڵاو دەكرێنەوە و ئاماری ‏فەرمیی ورد نییە، بەڵام ڕووانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ دەڵێت "زیاتر لە 900 كەس ‏گیانیان لەدەست داوە و سەدان كەس بێسەروشوێنن".‏

كەناڵی جەزیرەش كە بەردەوام لە سەرچاوەی جیاوازەوە زانیارییەكان لە سووریاوە ‏دەگوازێتەوە، بڵاوی كردەوە كە "ژمارەی گیانلەدەستدان لە سووریا بۆ هەزار و 38 كەس ‏بەرز بووەتەوە".‏

ڕووانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ دەشڵێت "لە 58 شار و شارۆچكە و گوند، هەزاران ‏خانوو و باڵەخانە داڕووخاون، بەڵام تا ئێستا حكومەتی سووریا داوای هاوكاریی نێودەوڵەتیی ‏نەكردووە".‏

لە دوای زەمینلەرزەكەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ كە سەرۆككۆماری توركیا وتی "گوڕەكەی 7.7 ‏پلەی ڕێختەر بووە"، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆیش بومەلەرزەیەكی دیكە بە گوڕی 7.6 پلە ‏باكووری كوردستانی هەژاندەوە.‏

بە درێژایی ئەمڕۆ 145 پاشلەرزە لە باكووری كوردستان و توركیا تۆمار كراون كە بەشێك ‏لە پاشلەرزەكان گوڕەكانیان گەیشتوونەتە شەش پلەی ڕێختەر.‏

وەزارەتی تەندروستیی هەرێم دەڵێت "لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی ‏كوردستان، تیمەكانی فریاگوزاری و پزیشكی فریاكەوتن و ژمارەیەكی زۆر لە پزیشكانی ‏پسپۆڕ و كارمەندانی تەندروستی و ئەمبوڵانس و بڕێكی زۆری پێداویستیی پزیشكی، بۆ ‏وڵاتانی توركیا و سووریا بەڕێ كەوتن، بەمەبەستی بەهاناوەچوون و پشتیوانیی قوربانیانی ‏بوومەلەرزە".‏

هەڵمەتی ڕزگاركردن لەلایەن نۆ هەزار كارمەندی توركیا و تیمی هاوكاریی چەندین وڵاتی ‏دیكەوە بەردەوامن لە ڕزگاركردنی ئەو كەسانەی كە كەوتوونەتە ژێر داروپەردووی خانوو و ‏باڵەخانە ڕووخاوەكان، بەردەوام ئاماری قوربانییانیش لە بەرزبوونەوەدایە.‏