وەزیری دارایی ھەرێم: زیاتر لە ٣٠ جار سەردانی بەغدامان کردووەو گەیشتوینەتە ڕێکەوتن

06-02-2023 09:16
کۆبوونەوەی وەزیری دارایی هەرێم و کونسوڵی تورکیا.

پەرەگراف

وەزیری دارایی ھەرێم ڕایگەیاند، لەسەرەتای ئەم کابینەیەوە زیاتر لە ٣٠ جار سەردانی بەغدایان کردووەو گەیشتونەتە ڕێکەوتن لەسەر بودجەو نەوت و مادەی ١٤٠.

ئەو وتانەی ئاوات جەناب نوری لەمیانی کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا بووە لەگەڵ کلاوس شتڕایشەر کونسوڵی گشتی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان.

"وەفدی هەرێم ئامادەیی نیشانداوە بۆ وردبینی لەسەرجەم داتاو زانیاری و دۆسیەکانی تایبەت بە فرۆشتنی نەوت و داهاتی ناوخۆ و چەندجارێکیش وەفدی دیوانی چاودێری دارایی عێراق هاتونەتە هەرێم و هاوکاری تەواو کراون، لەلایەکی ترەوە لێکتێگەیشتنی تەواو کراوە کە لەڕێگای لیژنەی هاوبەشەوە چاودێری و سەرپەرشتی پرۆسەی دەرهێنان و فرۆشتن و داهاتی نەوتی هەرێم بکرێت" وەزیری دارایی وادەڵێت، بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەت.

وەزیری دارایی دەشڵێت، بەلایانەوە گرنگە پەیوەندیەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بەیاسا ڕێک بخرێت و دادگایەکی بێلایەنی تایبەتمەند هەبێت بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو دۆسیە هەڵپەسێردراوانەی لە نێوان هەردولا هەن.

لای خۆیەوە کونسوڵی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان، وتی "جێی خۆشحاڵییە کە بەرەوپێشچونی باش لە گفتوگۆکانی نێوان هەرێم و بەغداهەیەو ئەوانیش هاوکارو پشتیوان دەبن بۆ گەیشتن بە چارەسەری بنیاتنەرانە".

کلاوس شتڕایشەر ئاماژە بەوەش دەکات، هەمان پەیامیان بە حکومەتی عێراق گەیاندووە کە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بگەنە ڕێکەوتن، "لەوڕوەشەوە سەرۆک وەزیرانی عێراق جدییە لە چارەسەری کێشەکان و ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ هەموو هاوکاری و پشتیوانیەک دوپاتکردەوە".