ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی: 'تاقمێکی تیرۆریستی' لە سنوری قەزای چەمچەماڵ دەستگیرکران

07-02-2023 11:55
وێنەی دەستگیرکراوان کە ئاسایش بڵاویکردووەتەوە.

پەرەگراف

ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی ڕایگەیاند، لە ناحیەی تەکیەی قەزای چەمچەماڵ تاقمێک دەستگیرکران کە بە وتەی ئاسایش "تیرۆریستن" و لە هەشت تۆمەتبار پێکھاتوون.

"پشتبەستوو بە زانیارییە هەواڵگرییەکان و بەدواداچوونی ورد، زانیاری بەدەست هات لەسەربوونی تاقمێکی تیرۆریستی کە لەسنوری قەزای چەمچەماڵ خۆیان حەشارداوە و هەڵهاتوون لە یاسا. دوای رەزامەندی دەزگای ئاسایشی هەرێم، لێکۆڵینەوە لەبارەی ئەم کەیسەوە دەستیپێکرد و بەڵگەی دروست لەسەر پێشینەی تاقمەکە دەست کەوت" ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی وادەڵێت.

دەشڵیت "بەبڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە رۆژی ٥ ی ٢ ی ٢٠٢٣ لە چەند هەڵمەتێکی جیاجیادا هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیمان بە هاوکاری هێزەکانی ئۆپەراسیۆنی دەزگای ئاسایشی هەرێم، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی، (٨)تۆمەتباری لەیاسا هەڵهاتوو کە داواکراوبوون لەدادگاکانی عێراق بە پێی مادەی (٢) تیرۆر دەستگیرکران".

"پاش لێکۆڵینەوە دەرکەوت تۆمەتبارە دەستگیراوەکان پێشینەی کاری تاوانکاری و تیرۆریان هەبووە و بەشداربوون لەچەندین کردەوەی تیرۆریستی و شەهیدکردنی هاوڵاتی و کارمەندانی هێزەئەمنییەکانی عێراق".

ئاسایش ئەوەش دەخاتەڕوو، "بەپێی دانپێدانانی تۆمەتباران، لەساڵی (٢٠٠٤) پەیوەندیان بە رێکخراوی تیرۆریستی قاعیدەوە کردوەو بەشداربوون لە ئەنجامدانی چەندین کاری تاوانکاری و تیرۆریستیو دواتر بەیعەتیان بە تیرۆریستانی داعش داوەو دەبنە چەکدارو لەدەروەی یاسا و بەها مرۆڤایەتییەکان درێژە بە کارە تیرۆریستییەکانیان ئەدەن دواتر بەمەبەستی خۆحەشاردان بەناوی خوازراو و ناسنامەی ساختە و کارکردنەوە دێنە سنوری تەکیە و بازیان نیشتەجێ دەبن. سەرجەم دەستگیراوەکانیش رووبەڕووی دادگا کرانەوە بۆ لێکۆڵینەوەی زیاتر".