دادگای فیدراڵی عێراق بڕیاردانی لەبارەی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان دواخست

07-02-2023 12:38

پەرەگراف

دادگای فیدراڵی عێراق بڕیاردانی لەبارەی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان بۆ 15-3-2023 دواخست.

ئەمڕۆ چوارەم دانیشتنی دادبینی لەسەر دۆسیەی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان لە دادگای فیدراڵی عێراق بەڕێوەچوو، دادگاکە بڕیاری کۆتایی نەداو دانیشتنەکەی دواخست.

چوار داوای یاسایی لە دادگاکە تۆمارکرابوون لە دژی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان و دادگاکە ھەر چوار داواکەی یەکخستبوو، داواکان سیانیان لەلایەن جووڵانەوەی نەوەی نوێ تۆمار کراون، یەکەم داوا لەلایەن سروە عەبدولواحید سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق تۆمارکرا، پاشان هەریەکە لە شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەکەو کاوە عەبدولقادر سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان داوای یاساییان بۆ هەمان مەبەست لە دادگاکە تۆمار کرد.

دواتریش یوسف محەمەد سەرۆکی پیشووی پەرلەمانی کوردستان لەسەر هەمان بابەت داوایەکی یاسایی لە دادگای فیدراڵی تۆمارکر دسەبارەت بە نادەستوری بونی دەرچونی یاسای درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان و دەسەڵاتەکانی دیکەی ھەرێم، داوای ھەڵوەشاندنەوەی یاساکەیان کرد.

ڕۆژی ٩-١٠-٢٠٢٢ بە دەنگی ٨٠ پەرلەمانتار لە فراکسیۆنەکانی پارتی، یەکێتی، گۆڕان و پێکهاتەکان درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێک پەسەند کرا.

نەوەی نوێ لە کۆبوونەوەی درێژکردنەوەی پەرلەماندا ناڕەزایی پیشاندا بە تەپڵ و فیکە لێدان و دژی درێژکردنەوەکە وەستایەوە، فراکسیۆنەکانی دیکەی ئۆپۆزسیۆنیش بایکۆتی کۆبوونەوەکەیان کرد.

لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان کۆک بوون لەسەر ئەو داوایەی کە پەرلەمان کارەکانی هەڵپەسێرێت و حکومەت ببێتە کاربەڕێکەر تاوەکو بە زووترین کات هەڵبژاردن بکرێت، بەڵام پارتی و یەکێتی و گۆڕان گوێیان بەو داوایە نەداو ئەو پێشنیازە تەنها سێ دەنگی بەدەستهێنا کە دەنگی پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ بوو.

لە 30 ساڵی حوكمڕانی هەرێمی كوردستان و لە دوای یەكەم هەڵبژاردنەوە لە ١٩-٥-١٩٩٢، هیچ پڕۆسەیەكی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی كوردستان لە وادەی یاسایی و دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوەنەچووە.

ئێستا پەرلەمان لە خولی پێنجەمی تەمەنیدایەو دەبوو ساڵی ڕابردوو ھەڵبژاردن بکرایە، بەڵام ھێشتا وادەی ئەنجامدانی ھەڵبژاردن دیار نییە،ئەگەر هەڵبژاردنەکان لەکاتی خۆیاندا بکرانایە دەبوو پەرلەمان لە هەشتەمین خولیدا بوایە، پەرلەمانی کوردستان نزیکەی نیوەی تەمەنی بەدرێژکردنەوەی بەسەر بردووە.