گیانلەدەستدان بە زەمینلەرزە لە توركیا و سووریا شەش هەزار و ٦٠٠ كەسی تێپەڕاند

07-02-2023 08:12
پرۆسەی گەڕان و ڕزگاركردن لە شاری مەڕەش لە باكووری كوردستان. فۆتۆ: ئاژانسی ئەنادۆڵ.

پەرەگراف

بۆ دووەم ڕۆژ پرۆسەی گەڕان بۆ ڕزگاركردن و دۆزینەوەی قوربانیانی بەركەوتووانی زەمینلەرزە لەژێر داروپەردووی خانوو و باڵەخانە ڕووخاوەكانی توركیا و سووریا بەردەوامە، تا ئێستا زیاتر لە شەش هەزار و ٦٠٠ كەس گیانیان لەدەست داوە و هەزاران كەسی دیكە ڕزگار كراون.

بەپێی دوایین ئاماری فەرمیی توركیا، تا ئێستا چوار هەزار و ٥٤٤ كەس بەهۆی زەمینلەرزەوە لە باكووری كوردستان و توركیا گیانیان لەدەست داوە و ٢٦ هەزار و ٧٢٥ كەسیش بریندار بوون. هەروەها شەش هەزار و ٢١٧ خانوو و باڵەخانە داڕووخاون.

بەپێی نوێترین ئاماری ڕووانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ، لە ڕۆژئاوای كوردستان و سووریاش ژمارەی ئەو كەسانەی گیانیان لەدەست داوە بۆ دوو هەزار و ٨٢ كەس بەرز بووەتەوە، هەزار و ٦٢ كەس لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی حكومەتی سووریا و هەزار و ٢٠ كەس لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆن و هێزەكانی سووریای دیموكرات گیانیان لەدەست داوە. نزیکەی چوار هەزار کەسیش بریندار بوون.

پرۆسەی گەڕان و ڕزگاركردن لە هەردوو وڵات بەردەوامە، بەڵام كەمترین هاوكاری گەیشتووەتە ڕۆژئاوی كوردستان و سووریا، هەر بۆیە تیمی فریاگوزاری و ئۆتۆمبێل و ئامبوڵانسی پێویست نەگەیشتووەتە ناوچەكانی بومەلەرزە و هەڵمەتی ڕزگاركردن زۆر سەختە.

ئەمڕۆ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیا، باری نائاسایی بۆ ماوەی سێ‌ مانگ و ئەو ١٠ پارێزگای كە بوومەلەرزە تێیاندا ڕووی داوە، وەك ناوچەی كارەساتبار ڕاگەیاند و وتیشی "لە قوتابخانەكانی سەرتاسەری توركیادا تا ١٣ی شوبات و لە ناوچە زیانلێكەوتووەكان تا ٢٠ی شوبات، خوێندن ڕادەگیرێت".

سەرۆككۆماری توركیا وتیشی "دڵنەواییمان ئەوەیە تا ئێستا زیاتر لە هەشت هەزار كەسمان لەژێر بینا ڕووخاوەكان ڕزگار كردووە".

ئەردۆغان ئاماژەی بەوەش كرد كە "بە ٥٣ هەزار و ٣١٧ كارمەندی گەڕان و ڕزگاركردنەوە لە ناوچەكەدا كار دەكەین، هەروەها تەواوی تواناكان بەگەڕخراون بە بەكارهێنانی ١٠ كەشتی و ٥٤ فڕۆكەی كارگۆیشەوە".

"نزیكەی هەزار ئۆتۆمبێلی فریاكەوتن، ٢٤١ تیمی فریاگوزاریی تەندروستیی نیشتمانی، پێنج هەزار كارمەندی تەندروستی ڕەوانەی ناوچەكە كراون"، ئەردۆغان وای وت.

توانا مرۆی و فریاگوزارییەكان لە توركیا لە ئاستێكی باشدان، دەیان وڵات تیمی فریاگوزاری و هاوكاریی پزیشكییان ڕەوانە كردووە، بەڵام لە ڕۆژئاوای كوردستان و سووریا دۆخەكە بە جۆرێكی دیكەیە، ڕوانگەی سوووری دەڵێت "بەهۆی كەمیی توانا و پێداویستییە پزیشكی و فریاگوزارییەكان، ژمارەی قوربانییەكان ڕوو لە زیادبوونە".