گیانلەدەستدان بە زەمینلەرزە لە توركیا و سووریا 9 هەزارو 500 کەسی تێپەڕاند

08-02-2023 12:44
خەڵک و تیمەکانی فریاگوزاری لە سوریا سەرقاڵی ڕزگارکردنی ئەوانەن کە بوون بە ژێر داروپەردووی بیناڕووخاوەکانی بومەلەرزەکەوە

پەرەگراف

تادێت ژمارەی قوربانییان بە زەمینلەرزە وێرانکەرەکەی تورکیاو سوریا زیاتر دەبێت و بەپێی دواین ئامارەکان زیاتر لە ٩ هەزارو ٥٠٠ کەس گیانیان لەدەستداوە، تیمە فریاگوزارییەکان پێشبینی دەکەن هێشتا ژمارەیەکی زۆر خەڵکی دیکە لەژێر داروپەردووی باڵەخانە ڕووخاوەکاندابن و نازانرێت ماون یان نا.

سێ ڕۆژە گەڕان لەژێر داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەکاندا بەردەوامە بۆ رزگارکردنی خەڵک و دەرهێنانی تەرمی ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە، زەمینلەرزە بەهێزەکە بە گوڕی 7.4 پلەی رێختەر باکوور ڕۆژئاوای کوردستان و چەند ناوچەیەکی دیکەی تورکیاو سوریای هەژاند و لە باشووری کوردستان و چەندین وڵاتی ناوچەکەش هەستی پێکرا.

بەپێی دواین ئامارەکان لە باکووری کوردستان و تورکیا تا ئێستا 7108 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 40 هەزار کەسی دیکەش برینداربوون.

هاوکات نزیکەی 6 هەزار بیناو باڵەخانەو خانوو داڕووخاون و زیانیان بەرکەوتووە، بەشێکی زۆریان بە تەواوی خاپوور بوون.
هەربەهۆی ئەو بوومەلەرزەیەوە لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا تا ئێستا 2 هەزار و 530 کەس گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی 5 هەزاری دیکەش بریندارن.

ڕێکخراوە چاودێریی و فریاگوزارییەکان دەڵێن، توانا مرۆی و فریاگوزارییەكان لە توركیا لە ئاستێكی باشدان و دەیان وڵات تیمی فریاگوزاری و هاوكاریی پزیشكییان ڕەوانەی ئەو وڵاتە كردووە، بەڵام لە ڕۆژئاوای كوردستان و سووریا دۆخەكە بە جۆرێكی دیكەیە، ڕوانگەی سوووری دەڵێت "بەهۆی كەمیی توانا و پێداویستییە پزیشكی و فریاگوزارییەكان، ژمارەی قوربانییەكان ڕوو لە زیادبوونە".