حکومەتی ھەرێم کەمپینێکی فراوان بۆ کۆکردنەوەی کۆمەک بۆ زیانلێکەوتووانی بومەلەرزەکەی تورکیاو سوریا ڕادەگەیەنێت

08-02-2023 07:11
کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم.

پەرەگراف

حکومەتی ھەرێم بڕیاریدا، کەمپینێکی بەرفراوانی گەیاندنی هاوکاری و کۆکردنەوەی کۆمەک بۆ زیانلێکەوتووانی بومەلەرزەکەی تورکیاو سوریا ڕابگەیەنێت و پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان ڕاسپێردران، بۆ ئەم مەبەستە ڕێکاری پێویست بگرنەبەر.

ئەو بڕیارە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیراندا ھات بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت ئەوەشی خستووەتەڕوو، بە پێی توانا، هەموو هاوکاری و یارمەتییەکی پێویست پێشکەشی زیانلێکەوتووانی ئەم کارەساتە دەکەن و بۆ ئەم مەبەستەش، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، یەکەمین کاروانی فریاگوزاری و هاوکاری هەرێم گەیەنرایە تورکیا و پرۆسەکەش بەردەوام دەبێت.

"لە هەمانکاتدا ڕێکاری پێویستیش گیراوەتە بەر بۆ ناردنی کاروانی فریاگوزاری بۆ ناوچە زیانلێکەوتووەکانی سوریا" مەسرور بارزانی وادەڵێت.

ھەر لەو کۆبوونەوەیەدا، ڕاپۆرتێک سەبارەت بە ڕێکارەکانی خۆپارێزی لە کارەساتی بوومەلەرزە و ئامادەکارییە پزیشکییەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لە کاتی ڕوودانی کارەساتی سروشتی و سنووردارکردنی زیانەکانی بوومەلەرزە، لە لایەن ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ وسامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی خراوەتەڕوو.

تادێت ژمارەی قوربانییان بە زەمینلەرزە وێرانکەرەکەی تورکیاو سوریا زیاتر دەبێت و بەپێی دواین ئامارەکان زیاتر لە ١١ ھەزار کەس گیانیان لەدەستداوە، زیاتر لە ٥٠ ھەزار برینداریش ھەن.

سێ ڕۆژە گەڕان لەژێر داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەکاندا بەردەوامە بۆ رزگارکردنی خەڵک و دەرهێنانی تەرمی ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە، زەمینلەرزە بەهێزەکە بە گوڕی 7.4 پلەی رێختەر باکوور ڕۆژئاوای کوردستان و چەند ناوچەیەکی دیکەی تورکیاو سوریای هەژاند و لە باشووری کوردستان و چەندین وڵاتی ناوچەکەش هەستی پێکرا.