شاندی باڵای عێراق لە ئەمەریکایەو دۆلار بە بەرزیی ماوەتەوە

09-02-2023 12:43

پەرەگراف

سەرباری دابەزندنی فەرمیی بەهای دۆلارو خستنەڕووی بە نرخی نوێ لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراق و سەردانی شاندێکی باڵای حکومەت بۆ ئەمەریکا لەسەر پرسی نرخی دۆلار، بەڵام دۆلار بە بەرزیی ماوەتەوەو ئەمڕۆ ١٠٠ دۆلار لە بازاڕەکانی هەرێم بە ١٥١ هەزارو ٥٠٠ دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت.

ئەوە لە کاتێکدایە بانکی ناوەندیی عێراق دوێنێ دۆلاری بە نرخی نوێ فرۆشت دوای ئەوەی ئەنجومەنی وەزیران نرخەکەی پەسەند کردو بەهای هەر دۆلارێک بە ١٣٠٠ دینار دیاریکرا.

بانکی ناوەندیی ڕایگەیاند، ١٠٠ دۆلار بە ١٣٠ هەزار دینار لە وەزارەتی دارایی دەکڕێت و بە ١٣١ هەزار بە بانکەکانی فرۆشێت و بە ١٣٢ هەزار دینار دەگاتە خەڵک.

بەڵام ئێستا لە بازاڕدا ئەو نرخە نزیکەی ٢٠ هەزار دینار جیاوازیی هەیە تا دەگاتە خەڵک، شارەزایانی پێیانوایە هۆکارەکەی بۆئەوە دەگەڕێتەوە کە بانکی ناوەندیی بڕێکی کەم دۆلار دەخاتە بازاڕەوەو پێداویستی ناوخۆ پڕناکاتەوە، ئەوەش پەیوەندیی بە فشارو ڕێوشوێنە نوێیەکانی ئەمەریکاوە هەیە بۆ ڕێگریی لە بەقاچاخبردنی دۆلار لە عێراقەوە بۆ وڵاتانی دراوسێ. 

ئەمەریکا ھۆشداریی بە عێراق داوە کە دۆلار دەبرێتە دەرەوە بۆ وڵاتانی دراوسێ، ھەربۆیە ڕێکاری نوێی داناوە بۆ مامەڵەو حەواڵەکردنی دۆلار، ئەوەش کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر بازاڕی دراو ھەبوو.

ماوەی دوو مانگە بازاڕی دراوی عێراق ناسەقامگیرەو سەرەتای ئەم مانگە بەھای دۆلار ژمارەی پێوانەیی لە مێژووی خۆیدا تۆمارکردو ١٠٠ دۆلار گەیشتە سەرووی ١٧٥ ھەزار دینار.

بۆ ئەو مەبەستەش لە ئێستادا شاندێکی عێراق بە سەرۆکایەتی وەزیری دەرەوە لە ئەمەریکان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەو پرسەو کەمکردنەوەی کاریگەریی گوشارەکان لەسەر بازاڕی دراوی عێراق.